لە ئێران 12 ناوەندی پەروەردەیی بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئایینی بەهائی داخران

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگای مازەندەرانی ئێران دەڵێت، 12 قوتابخانە و ناوەندی پەروەردەیی و وەرزشی لە شاری بابوول بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی ئایینی بەهائی داخران و دوو کەسی بەهائیش دەستگیرکران.

 

بەپێی ئاژانسی هەواڵی میزانی دەسەڵاتی دادی ئێران، محەمەدسادق ئەکبەری، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگای مازەندەران، یەکشەممە 10-9-2023 رایگەیاند "لەلایەن دوژمنانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە گرووپی بەهائی بەکاردەهێنرێن و لەو چوارچێوەیەشدا لە دوو قوتابخانە و چەندین ناوەندی پەروەردەیی و وەرزشی لە شاری بابوول، لەلایەن ژمارەیەک مامۆستا و راهێنەری بەهائییەوە کۆمەڵێک هەوڵدراوە، بۆیە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کرا و ئەو ناوەندانە داخران."
 
محەمەدسادق ئەکبەری گوتی، "تائێستا دوو کەسی ناسراوی سەر بە گرووپی بەهائی دەستگیرکراون''، ئاماژەی بەوەش کرد "راهێنەرانی بەهائی لە سێ شاری ئێران، هەوڵیانداوە ناوەڕۆکی بیروباوەڕی بەهائی لەنێو خەڵک و بەتایبەتی لەنێو گەنجاندا بڵاوبکەنەوە"، بەڵام هیچ زانیارییەک لەبارەی ناسنامەی ئەو کەسانە و شوێنی دەستگیرکردنیان بڵاونەکراوەتەوە.
 
گوتیشی، "ئەم دوو کەسە بەهائییە رێگەیان پێدراوە پەیوەندی بە خێزانەکانیان بکەن و داواکاری گشتیی بابوولیش فەرمانی دەرکردووە دەبێ مافەکانیان پارێزراو بێت".
 
ئەو بەرپرسەی دەسەڵاتی دادی پارێزگای مازەندەران هەروەها دەڵێت، "لەو ناوەندانەی داخراون، دەست بەسەر ژمارەیەک کتێب و نامیلکەدا گیراوە کە پەیوەندییان بە بیروباوەڕی بەهائییەوە هەیە".
 
بەھائی، ئایینێکی یەکتاپەرستی ئیبراھیمییە کە لە سەدەی نۆزدەیەمدا لەلایەن میرزا حوسێنعەلی نووری ناسراو بە بەھائوڵڵا لە ئێران بڵاوکراوەتەوە. بەھائییەکان کە لە جیهاندا ژمارەیان نزیکەی 7 ملیۆن کەسە، باوەڕیان وایە بەھائووڵڵا (1817 - 1892) دوایین پەیامهێنی نێردراوی خوایە.
 
ساڵی بەهائییەکان بەپێی رۆژژمێری تایبەتی بەهائیی 19 مانگە، هەر مانگێکیش 19 رۆژە. یەکەم رۆژی ساڵی نوێ و دوایین رۆژی مانگی عەلایی یەکەم رۆژی جەژنی بەهائییەکانە، کە دەکاتە جەژنی نەورۆزی کورد.
 
سەرەتای پەیوەندی ئایینی بەهائی بە کوردستانەوە بۆ ساڵی 1854ـی زایینی دەگەڕێتەوە.
 
کۆماری ئیسلامیی ئێران ئایینیی بەهائی بە فەرمی ناناسێ و لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانیشەوە گوشاریان لەسەر هەبووە؛ ئەوان رێگەیان پێنادرێ لە ئاستە بەرزەکانی خوێندندا بخوێنن و بەرپرسیاریێتیی باڵایشیان پێنادرێت، بەڵام بەرپرسانی ئێران رەتیدەکەنەوە دادگاییکردن و بێبەشکردنیان لە پۆستەکان لەسەر بنچینەی بەهائییبوونیان بێت.