رووداو دیجیتاڵ
کەسوکاری ژمارەیەک بەندکراو لەبەردەم باڵەخانەی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لە تاران گردبوونەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان دەکەن.
ئەو گردبوونەوەیە رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو 06-09-2022 لە بەردەم دادگەی شۆڕشی کەرەجەوە دەستیپێکرد و کەسوکاری بەندکراوان جگە لە هەینی، رۆژانە دەچنە بەردەم باڵەخانەی دەسەڵاتی دادوەری و دژی سزای لەسێدارەدان دروشم دەدەن.
پۆلیسی تاران رۆژی یەکشەممە بڵاوەی بە ناڕازییان کرد؛ ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێت، لانیکەم 18 بەندکراوی سزادراو بە لەسێدارەدان بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراونەتەوە و مەترسی جێبەجێکردنی سزاکەیان لە ئارادایە.
هەروەها کەمپینی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێت، لە 9 مانگی رابردوودا لەو وڵاتە سزای لەسێدارەدان بەسەر 374 کەسدا جێبەجێکراوە کە 60 کەس زیاترە لە کۆی ژمارەی لەسێدارەدراوان لە ساڵی رابردوودا. بەپێی راپۆرتی لێبووردنی نێودەوڵەتی، ساڵی 2021 لە ئێران 314 کەس لەسێدارەدراون.
کەسوکاری ئەو بەندکراوانەی بە لەسێدارەدان سزادراون، دەڵێن، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر بەندکراواندا زیادیکردووە و داوا دەکەن سزاکە بە یەکجاری لە ئێران هەڵبوەشێندرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ