جێگری سەرۆککۆماری ئێران دەستی لەکار کێشایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد جەواد زەریف، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی راگەیاند.
 
دوای ئەوەی ئەمڕۆ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لیستی ناوی وەزیرانی پێشنیازکراوی پێشکێشی پەرلەمان کرد، محەممەد جەواد زەریف، جێگری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری ستراتیژی، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی راگەیاند.
 
محەممەد جەواد زەریف لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام رایگەیاند، لە ئەنجامی کارەکانی رازی نییە: "بێگومان من لە ئەنجامی کارەکانم رازی نیم، هەست بە شەرمەزاریش دەکەم کە نەمتوانی رای پسپۆڕیی لیژنەکان و بوونی ژنان و گەنجان و ئەتنیکەکان (لە کابینەدا) بەو شێوەیەی کە بەڵێنم دابوو بگەیێنمە ئەنجام. هەرچەندە هێشتا ژمارەیەک پۆستی جێگری سەرۆککۆمار ماون، کە هیوادارین کەمێک لەم کەموکوڕییە قەرەبوو بکاتەوە."
 
محەممەد جەواد زەریف ئاماژە بە پێشکێشکردنی ناوی وەزیرانی پێشنیازکراو لەلایەن مەسعود پزیشکیان بە پەرلەمان دەکات و دەڵێت، "لە کۆی ئەو 19 وەزیرەی ئەمڕۆ ناسێنران، سێ کەسیان کاندیدی یەکەم بوون، شەش کەسیان کاندیدی دووەم یان سێیەم بوون، یەکێکیشیان کاندیدی پێنجەمی لیژنەکان یان ئەنجومەنی راگوزەری بوون."
 
دەشڵێت، "زۆر جار گوتوومە، هەڵبژاردنی ئەندامانی حکومەت مافی سەرۆککۆمارە و ئەنجوومەنی راگوزەری و لیژنەکانیش دامەزراوەی راوێژکارین." 
 
محەممەدجەواد زەریف داوای لێبووردن لە خەڵکی ئێران دەکات و دەڵێت، دەگەڕێتەوە بۆ کارەکەی لە زانکۆ: "بەهەر حاڵ ئەمە یەکەم ئەزموون بوو، پڕبوو لە کەموکوڕی، بێگومان لە داهاتوودا باشتر دەبێت، بەڵام لەگەڵ کێشەکانی دیکەدا، ئەم ئەزموونە وای لێکردم لە زانکۆدا بەردەوام بم لە رێگەکەم. لە بەردەم گەلی مەزنی ئێران داوای لێبووردن دەکەم کە نەمتوانی لە بەدواداچوون بۆ کاروبارەکان سەرکەوتوو بم."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، زەریف سوپاسی مەسعود پزیشکیان و هاوکارەکانی دەکات: "من سوپاسگوزاری ئەوم کە ئەو شانازییەیان پێبەخشیم کە بەشداری لەم ئەزموونە نوێیە و دەستپێشخەرییە ئازایانەدا بکەم. هەروەها سوپاس و پێزانینم بۆ هاوڕێکانم لە لیژنەکان و ئەنجوومەنی راگوزەری کە چوار هەفتە شەو و رۆژ کاریان کرد و لێکۆڵینەوەیان لەبارەی زیاتر لە هەزار بەربژێر کرد، بۆ ئەوەی بتوانین ئەنجامەکان بخەینە بەردەم سەرۆککۆمار."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی ئابی 2024، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری نوێی ئێران لە نامەیەکدا بۆ محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، لیستی ناوی وەزیرانی کابینەی حکومەتەکەی پێشکێشی پەرلەمان کرد کە لە 19 وەزیر پێکهاتووە.
 
بەپێی ئەو لیستەی پزیشکیان بۆ پەرلەمانی ئێرانی ناردووە، هیچ وەزیرێکی کورد و سوننە دەستنیشان نەکراون و هەموو ئەندامانی کابینەکەی شیعەن. هەروەها لە پێکهاتەکانی وەکو بەلووچ، تورکمان و عەرەبیش هیچ وەزیرێک دەستنیشان نەکراوە.
 
لەنێو ئەو کەسانەی ناویان لەنێو لیستەکەدا هاتووە، پێنج کەس لە کابینەی حکومەتی حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران وەزیر بوون یا پۆستی باڵایان هەبوو، هەروەها سێ کەسیش لە کابینەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران وەزیر بوون.