85 بەندکراوی سیاسی لە تاران مانیان لە خواردن گرت

رووداو دیجیتاڵ
 
دژی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر چالاکڤانێکی کرێکاران لە ئێران، 85 بەندکراوی سیاسیی ژن و پیاو لە گرتووخانەی تاران دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد.
 
بەندکراوانی سیاسیی نێو گرتووخانەی ئێڤینی تاران رایانگەیاندووە، 85 بەندکراوی سیاسیی لەو گرتووخانەیە لە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممەوە دژی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر شەریفە محەممەدی، چالاکڤانی کرێکارانی دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە و داوا دەکەن سزاکەی هەڵبوەشێندرێتەوە.
 
شەریفە محەممەدی لە 05-12-2023 لە شاری رەشتی پارێزگای گیلان دەستبەسەر کرا و دوای حەوت مانگ لە دەستبەسەرکردنی لە 04-07-2024 بە تۆمەتی "بەغی" یان راپەڕینی چەکدارانە دژی دەسەڵاتی ئێران بە لەسێدارەدان سزادرا. 
 
شەریفە محەممەدی، چالاکڤانی کرێکاری و یەکێک لە رێکخەرانی لیژنەی هاوئاهەنگی بۆ دروستکردنی سەندیکا کرێکارییەکانی ئێرانە.