کۆتایی ئەم مانگە پزیشکیان دەستبەکار دەبێت

11-07-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رێوڕەسمی دەستبەکاربوون و سوێندخواردنی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران لە رۆژانی یەکشەممە و سێشەممەی کۆتایی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت.
 
پێگەی فەرمیی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، رێوڕەسمی واژۆکردنی بەڵگەنامەی دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئەو وڵاتە رۆژی یەکشەممەی داهاتووتر، 28ـی تەمموزی 2024 بەڕێوەدەچێت.
 
بەپێی هەمان سەرچاوە، رێوڕەسمەکە لە حوسێنیەی ئیمام خومەینیی تاران و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و سەربازی ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت و تێیدا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بەڵگەنامەی دەستبەکاربوونی مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئەو وڵاتە واژۆ دەکات.
 
بەپێی بڕگەی نۆیەم لە مادەی 110ی دەستووری ئێران، واژۆکردنی حوکمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی وڵات لە دەسەڵاتەکانی رێبەری ئەو وڵاتەیە.
 
لە لایەکی دیکە، عەلیڕەزا سەلیمی، گوتەبێژی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، بە پێی ئامادەکارییەکان و ئەو پلانەی دانراوە، رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری هەڵبژێردراو، رۆژی سێشەممە، 30ی تەمموزی 2024 بەڕێوەدەچێت.
 
بەپێی دەستووری ئێران، دوای پێدانی بەڵگەی دەستبەکاربوونی لەلایەن رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری هەڵبژێردراو بە ئامادەبوونی سەرۆکی دادگەی باڵا، ئەندامانی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی و بەرپرسانی دیکەی نیشتیمانی و سەربازی لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت.
 
لە رێوڕەسمەکەدا، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراو بەپێی مادەی 121ی دەستوور، سوێند دەخوات کە هەموو بەهرە و لێهاتوویی خۆی لە جێبەجێکردنی ئەو بەرپرسیارێتیانەی کە لە ئەستۆی گرتووە بەکاربهێنێت و لە کۆتاییدا سوێندەکە واژۆ دەکات.
 
بەپێی یاساکانی ئێران، دوای رێوڕەسمی سوێندخواردن، مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئەو وڵاتە دوو هەفتە دەرفەتی هەیە بۆ ئەوەی وەزیرەکانی دەستنیشان بکات و لیستی ئەندامانی کابینەی حکومەتەکەی پێشکەشی پەرلەمان بکات. 
 
14یەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئیران لە دوو گەڕدا بەڕێوەچوو. لە گەڕی یەکەمدا کە لە 28ـی حوزەیرانی 2024 بوو، هیچ کام لە چوار بەربژێرەکان، مەسعود پزیشکیان، سەعید جەلیلی، محەممەدباقر قالیباف و مستەفا پوورمحەممەدی دەنگی پێویستیان بەدەستنەهێنا و هەڵبژاردنەکە لەنێوان مەسعود پزیشکیان، بەربژێری ریفۆرمخوازان و سەعید جەلیلی، سکرتێری پێشووتری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و بەربژێری نەریتخوازان چووە گەڕی دووەم. 
 
لە گەڕی دووەمیشدا کە لە 5ـی تەمموزی 2024 بەڕێوەچوو، زیاتر لە 30 ملیۆن و 573 هەزار کەس لە نێوخۆ و دەرەوی ئێران بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کرد کە پزیشکیان 16 ملیۆن و 384 هەزار و 403 دەنگی بەدەستهێنا و بووە نۆیەمین سەرۆککۆماری ئێران.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە