وەزیرانی ناوخۆی عێراق و ئێران لە کرماشان کۆبوونەوە


رووداو دیجیتاڵ

وەزیرانی ناوخۆی عێراق و ئێران لە دەروازەی سنووریی خوسرەوی لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆبوونەوە.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق لە رێگەی دەروازەی سنووریی خوسرەوییەوە سەردانی ئێرانی کردووە و لە لایەن ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێرانەوە پێشوازی لێکرا.
 
بەپێی زانیارییەکان، سەردانی وەزیری ناوخۆی عێراق و کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی، بەمەبەستی ئاگاداربوون لە ئامادەکارییەکانە بۆ هاتنی زیارەتکارانی رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن، کە بە ئەربەعین ناسراوە، هەروەها بۆ بەسەرکردنەوەی ژێرخانی ئەو دەروازە سنوورییە هاوبەشانەیە کە بۆ هاتووچۆی زیارەتکاران تەرخانکراون. 
 
حکومەتی ئێران رایگەیاندووە، ساڵی پار یەک ملیۆن زیارەتکار لە رێگەی دەروازەی سنووریی خوسرەوییەوە سەردانی عێراقیان کردووە، بەڵام بۆ ئەم ساڵ ئامادەکاری و هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ حکومەتی عێراق کراوە بۆ ئەوەی ژمارەکە زیاتر بێت.
 
دەروازەی سنووریی خوسرەوی دەکەوێتە شاری قەسری شیرینی پارێزگای کرماشان و بە یەکێک لە دەروازە سەرەکییەکانی هاتووچۆی زیارەتکارانی رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن دادەنرێت.