%11ی گاز و 6%ی نەوتی ئێران لە پارێزگای ئیلام بەرهەمدێت؛ 'بەشی ئێمە تەنیا دووکەڵە'


رووداو دیجیتاڵ

بەیانیی ئەمڕۆ دەیان کەس لە کرێکارانی پترۆکیمیایی دێلران، لە دژی داخستنی کارگەکە، لەبەردەم قایمقامیەتی ئەو شارەدا کۆبوونەوە. کرێکاران داوایان کرد پترۆکیمیایی دێلران دانەخرێت و دەڵێن، ئەگەر دابخرێت، سەرەتای کارەساتێکی گەورەیە، داوایانکرد دیسان چالاک بکرێتەوە و بەرپرسان بەدواداچوون بۆ ئەو کێشەیە بکەن.
 
بەرپرسانی ئیلام داخرانی پترۆکیمیاییەکەیان رەتنەکردووەتەوە، بەڵام بەو کرێکارەکانیان گوتووە داناخرێت. لەتیف سادقی، قایمقامی دێلران گوتوویەتی: مەگەر دەکرێت پرۆژەیەک کە 50٪ی کارەکانی تەواو بووبێت و وەبەرهێنانێکی زۆری تێدا کرابێت، دابخرێت؟
 
قایمقامی دێلران دەڵێت: داهاتی فرۆشی گازی ئێن جی ئێڵی دێلران بۆ پترۆکیمیاییەکە خەرج دەکرێت و ئەو کاتەی کە پڕۆژەی پترۆکیمیاییەکە تەواو بێت، دیسان مادە خاوەکە بە پترۆکیمیاییەکە دەدرێتەوە.
 
رۆژی یەکشەممە لە راگەیاندنەکانی پارێزگای ئیلامەوە وا بڵاوکرایەوە کە فەرەیدون حەسەنوەند، نوێنەی شاری ئەندیمێشک لە پارێزگای خوزستان، بەهۆی دەستڕۆیشتوویی خۆیەوە، وایکردووە چیدیکە ماددەی خاو بە پترۆکیمیایی دێلران نەدرێت. 11٪ی گاز و 6٪ی نەوتی ئێران لە پارێزگای ئیلام دایە.
 
عەلی ئەکبەر بەستامی، نوێنەری ئیلام گوتی، "لەجێی ئەوەی داهاتی نەوت بخۆین، دووکەڵ دەخۆین و ئەو شتەی کە دەبێت پێمان بگات، بەدەستمان ناگات."
 
حەسەن بەهرام نیا، پارێزگاری ئیلامیش باس لەوە دەکات، "دەرفەتەکان بەگوێرەی پێویست کەڵکیان لێوەرنەگیراوە."
 
سێ ساڵ لەمەوبەر بەرپرسان گوتیان یەکەی ئۆلۆفینی گازی پترۆکیمیایی دێلران دەکرێتەوە و ئەم پترۆکیمیاییە بۆ دابینکردنی خۆراک، تەنیا پشت بە خۆی دەبەستێت.
 
حەسەن نەجەفی، بەڕێوەبەری پێشووی کۆمەڵگەی پترۆکیمیایی ئیلام ئاماژەی بەوە کرد، "بەخۆشییەوە یەکەی ئۆلێفینی ئیلام بەشێوەی تاقیکاری دەستبەکار بووە."
 
بەڵام ئەمە دوای سێ ساڵ هێشتا نەبووە و تەنانەت دوو رۆژ لەمەوبەر بوو بڵاوکرایەوە، کە دوو مانگە پترۆکیمیایی ئیلام داخراوە. محەممەد رەزا حەمیدی، بەڕێوەبەری پپترۆکیمیاییەکە ئەو کات گوتی: چالاکییەکانی کەم بووەتەوە، بەڵام دانەخراوە. ئەو گوتی، کێشەکەش نەبوونی پارەیە.
 
لێکەوتەی داخرانی پترۆکیمیایی تەنیا بێکاربوونی دوو هەزار کەس نییە، بەڵکو کاریگەری لەسەر بازاڕی شارەکەش دەبێت. جگە لەوەی دەسکەوتنی داهات لە رێگەی پترۆکیمیاییەوە دەبووە هۆی بووژانەوەی بازاڕی دێلران، لایەنە جۆراوجۆرەکانی پترۆکیمیایش قەرزێکی زۆریان لە بازاڕ کردووە و ئەم قەرزانەش دەکەوێتە مەترسییەوە.
 
سەرەڕای بەڵێنەکانی بەرپرسان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، سەدان کرێکار نیگەرانی داهاتووی خۆیان و خێزانەکانیانن.