سعودیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حوسییەکانی یەمەن ئاسایی دەکاتەوە

11-04-2023
لهۆن نەسرەدین
باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی یەمەن
باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی یەمەن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای حەوت ساڵ دابڕان، سعودیە بە نێوەندگیریی چین، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران ئاساییکردەوە و یەمەن گرنگترین گۆڕەپانە کە سعودیە مەبەستیەتی رەنگدانەوەی دۆخە نوێیەکەی پێوە دیاربێت. شاندێكی سعودیش گەیشتووەتە سەنعا و لەگەڵ بەرپرسانی حووسی کۆبووەوە.
 
عەبدولئیلاهـ هەجار، راوێژکاری باڵای حووسییەکان دەڵێت، "لەم قۆناخەی ئێستادا دەست بە گفتوگۆی راستەوخۆ کراوە و لەم سەردانەی شاندە سعودییەکە باس لە شێوازی رێککەوتنمان دەکەین، بەڵام سەرەتا دەبێت سعودیە هەموو بەرپرسیارێتیی دووژمنکاریی 8 ساڵەی رابردووی بۆ سەر گەلی یەمەن بە تەواوەتی هەڵگرێت."
 
لە ئاداری 2015وە، هاوپەیمانێتییەک بە ئەندامێتی 9 وڵات بە سەرۆکایەتیی سعودیە دەستوەردانی سەربازییان لە یەمەندا کرد بۆ شکستهێنان بە چەکدارە حووسییەکان، کە ئەو کاتە بە هاوکاریی ناڕاستەوخۆی ئێران، سەنعای پایتەخت و زۆربەی ناوچەکانی باکوور و ناوەڕاستی وڵاتیان کۆنترۆڵ کردبوو.
 
لەدوای هەشت ساڵ لە هەڵگیرسانی شەڕی یەمەن، ئێستا نەخشە مرۆییەکە بە گوتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەم جۆرەیە: لە کۆی 30 ملیۆن یەمەنی، شەڕەکە بووەتە هۆی کوژرانی 377 هەزار کەس؛ 20 ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاریی مرۆییە؛ 14.5 ملیۆن کەس خۆراکی پێویستیان نییە و چوار ملیۆن کەسیش ئاوارەن.
 
نەخشەی دابەشکردنی هێزیش بەو جۆرەیە کە خاکی یەمەن لەژێر دەسەڵاتی حووسییەکان، حکومەتی دانپێدانراوی یەمەن بە پاڵپشتی سعودیە، چەکدارانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئیمارات و هەندێک شوێنی یەکلانەبووە دابەش بووە.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان کە چەند ساڵێکە هەوڵی ئاشتی دەدات و تەنیا ئەم دواییە بە ئاگربەستێكی چەند مانگە گەیشت، پشتگیری لە هەنگاوەکە دەکات.
 
ستیفان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "بەلای ئێمەوە، هەنگاوێکی پێشوازیلێکراوە لەپێناو داکشانی گرژی و ئاڵۆزییەکانی یەمەن و ناوچەکە."
 
لەسەر دیواری باڵیۆزخانە داخراوەکەی سعودیە لە سەنعای یەمەن، وێنەی ئاڵای ئەمریکا لەسەر رووخسارێكی سعودی بە رەنگی سووری خوێن کێشراوە، کە لەوانەیە ئاماژەیەک بێت لەسەر سەختی و ئاڵۆزیی بارودۆخەکە لە وڵاتێکی پڕ لە هێزی سەر بە وڵاتانی دیکە، کە بەردەوام شەڕی بە وەکالەت دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە