بانکی ناوەندیی ئێران داوا لە خەڵک دەکات دۆلارەکانیان لە بانک دابنێن

 
رووداو دیجیتاڵ

بانکی ناوەندیی ئێران لە هەوڵدایە ئەو دۆلارەی لە دەستی خەڵکدایە، لە بانکەکاندا کۆی بکاتەوە. واتە خەڵک دراوە بیانییەکانی خۆیان لە بانکەکاندا دابنێن؛ بڕی پارەکەش زۆرە.
 
محەممەد رەزا فەرزین، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاند، "هەموو ئەو کەسانەی دراویان پێویستە، دەبێت ئەژماری بانکیی تایبەت بە دراویان هەبێت. ئاڵوگۆڕ و گواستنەوەی دراویش دەبێت لەڕێگەی ئەژمارە بانکییەکانەوە بکرێت. بەپێی لێکدانەوەی خۆم، لەوانەیە 15 بۆ 16 ملیار دۆلار لە دەستی خەڵکدا بێت. سیاسەتی دانانی دراو لە بانکەکان لە نەورۆزەوە جێبەجێ دەکرێت و بووەتە هۆی سەقامگیری لە بازاڕدا."
 
ئەمە سیاسەتێکی نوێ نییە، لە دەیەکانی رابردوودا دانانی دراو لە بانکەکاندا سیاسەتێکی باو بووە، بەڵام ئەم سیاسەتە لە دوایین مانگەکانی حکومەتی مەحموود ئەحمەدی نەژاددا زیانی بەرکەوت. ئەوکات خەڵک بۆ وەرگرتنەوەی دۆلارەکانیان سەردانی بانکی ناوەندییان کرد، بانکی ناوەندی رایگەیاند، هێندە دۆلاری نییە پێیان بداتەوە، لەجێی دۆلار تمەنی بە خەڵک دا و نرخی دۆلاریشی بەپێی نرخی ئاڵوگۆڕی فەرمیی حکومی حیساب کرد، نەک بەپێی نرخی راستەقینەی بازاڕ.
 
ئێستا ئەو دۆلارەی بانکی ناوەندی بەپێی پشک بە خەڵکی دەفرۆشێت، روون نییە چی لێدێت. بۆ ئەوەی خەڵک دیسان متمانە بکەنەوە، بانکی ناوەندی بڕیاری داوە، خەڵک چۆن پارەکەیان لە بانک داناوە، رێک وەکو خۆی بە خاوەنەکانیان بداتەوە.
 
بەڵام خەڵک ئێستا بۆ دانانی تمەنیش لە بانک متمانەیان بە بانکەکان نەماوە و لە چەند مانگی رابردوودا خەڵکێکی زۆر پارەکانیان راکێشایەوە بۆ ئەوەی سەرمایەکەیان بپارێزن، دۆلار یان شتی دیکەیان پێ کڕی. بەرزبوونەوە و دابەزینی زۆری بەهای تمەن، بێ متمانەیی زۆری بەرامبەر ئەم دراوە دروست کردووە. ئەم دۆخە کێشەی دیکەشی لێدەکەوێتەوە.
 
سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران دەڵێت، "کۆمەڵە هۆکارێکی وەکو ناهاوسەنگی، نەبوونی دڵنیایی و بێسەروبەرەیی لە بوارەکانی دارایی، دراو و بازرگانیدا دەبنە هۆی هەڵاوسان. سەرچاوەی هەڵاوسانی ئێمە زیاتر لەڕێگەی دراو و نەبوونی دڵنیاییەوە روودەدات."
 
رێژەی هەڵاوسان لە ساڵی رابردوودا نزیکەی 48% بووە، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران ئاماژە بەوە دەکات، ئامانجیان ئەوەیە ئەمساڵ نابێت نەختینەیی 25% زیاتر بێت؛ بۆ ئەمەش نابێت حکومەت خەرجیی زیاتر لەسەر دەستی بانکەکان دابنێت.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە کە چاپی پارە و دابەزینی بەهای تمەن، بووەتە گەورەترین مەترسی لەسەر حکومەتی ئیبراهیم رەئیسیش. لە ئێراندا حکومەتی ئیبراهیم رەئیسی زیاتر لە هەموو حکومەتەکانی دیکە پارەی چاپ کردووە، ئەمەش لە 11 مانگی ساڵی رابردوودا 110 تریلیۆن تمەن بووە.
 
لەم ساڵانەدا حکومەت بەشێک لە خەرجییەکانی خۆی لەم رێگەیەوە دابین کردووە، تاوەکو کاتێک ئەمە کۆتایی نەیەت، سەقامگیری بۆ ئابووریی ئێران ناگەڕێتەوە.