وەزارەتی ناوخۆی ئێران: ئەندامێکی داعش لە کاتی پەڕینەوە بۆ نێو ئێران لە سەر سنووری عێراق کوژرا

11-02-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاند، لە رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریدا ئەندامێکی داعش لە کاتی پەڕینەوە بۆ نێو ئێران لەسەر سنوورە هاوبەشەکانی ئێران - عێراق کوژرا.
 
سەید مەجید میرئەحمەدی، جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران بۆ کاروباری ئەمنی، ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، رووداوەکە شەوی رابردوو لە خاڵێکی سنووری لەسەر سنووری هاوبەشی ئێران و عێراق روویداوە.
 
میرئەحمەدی گوتی، "شەوی شەممە، ئەندامێکی گرووپی تیرۆریستی داعش، لە کاتی پەڕینەوە لە نێو خاکی عێراقەوە بۆ نێو خاکی وڵاتەکەمان، لە رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریدا کوژرا."
 
جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران، ناڵێت رووداوەکە لە سنووری کام پارێزگا روویداوە. 
 
ئێران و عێراق سنوورێکی هاوبەشی دوورودرێژیان هەیە و سنووری پارێزگاکانی سنە، کرماشان و ئیلام و بەشێکی سنووری پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەوێتە سەر ئەو سنوورە هاوبەشە، هەروەها بەشەکەی دیکەی سنووری هاوبەشی نێوان دوو وڵات، سنووری پارێزگای خوزستان لەخۆدەگرێت.
 
گوتیشی، "دامەزراوە هەواڵگری و ئەمنییەکانمان، شەو و رۆژ هەوڵ دەدەن و هەنگاو و رێکاری بەرفراوانیان گرتووەتە بەر و بە تووندی چاودێریی هەموو ئەو کەسانەیان کرد کە ئەگەری ئەوە هەبوو پەیوەندییان لەگەڵ لایەنە تیرۆریستییەکان هەبووبێت."
 
بە گوتەی جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران، "وەزیری ناوخۆ و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی بە بەردەوامی کۆمەڵێک کۆبوونەوە دەکەن و ئەرکی دامەزراوەکان دیاری دەکەن، هەروەها بەردەوام چاودێری و کۆنترۆڵی دۆخەکە دەکەن، بۆیە بەو هەوڵانە و بە هۆی هۆشیاری و ئاگاداری خەڵکەکەمان، تا ئێستا نە لە سنوورەکان و نە لە نێو وڵات هیچ کێشەیەکی ئەمنیمان نەبووە."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە