سزای لەسێدارەدان بۆ جێگری وەزیری پێشووی بەرگریی ئێران دەرکرا


رووداو دیجیتاڵ

هاوژینی عەلیڕەزا ئەکبەری، جێگری وەزیری پێشووی بەرگریی ئێران ئاشکرای کرد، هاوژینەکەی سێ ساڵە بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن" دەستبەسەر کراوە و بە لەسێدارەدان سزا دراوە.
 
مریەم ئەکبەری بە میدیاکانی راگەیاندووە، هاوژینەکەی بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراوەتەوە و بڕیارە ئەم هەفتەیە بڕیار لەسەر چارەنووسی بدرێت، بۆیە هەواڵەکەی ئاشکرا کردووە.
 
عەلیڕەزا ئەکبەری کەسێکی نزیک لە عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانە و لە کابینەی محەممەد خاتەمی لە نێوان ساڵەکانی 1997 بۆ 2005 کە شەمخانی وەزیری بەرگریی ئێران بوو، عەلیڕەزا ئەکبەری جێگری بوو. دواتریش وەکو راوێژکاری شەمخانی و سەرۆکی دامەزراوەی لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان لە ئێران کاری کردووە.
 
ژمارەیەک میدیای ئێران بێ ناوهێنان بڵاویانکردووەتەوە، بەرپرسێکی باڵای پێشووی ئەو وڵاتە بە تۆمەتی "سیخوڕی" دەستبەسەر کراوە، بەڵام دەزگای داد و حکومەتی ئێران تائێستا هیچیان لەو بارەوە رانەگەیاندووە.