رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئێران دەڵێت، هۆکاری سەرەکی بۆ کەوتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و گۆڕینی رژێم لەو وڵاتە، "بێهێزی و نەبوونی ئیرادە" لە نێو سوپای ئەو وڵاتە بووە. دەشڵێت، دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان تاران و دەسەڵاتی نوێ لە دیمەشق بەندە بە هەڵسوکەوتەکانی لایەنی بەرامبەر.
ئەمڕۆ سێشەممە، 10ی کانوونی یەکەمی 2024، فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران سەبارەت بە دۆخی سووریا و دوایین پێشهاتەکانی ئەو وڵاتە رایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە سوپای سووریا بێهێز بوو یان ئیرادەی بۆ شەڕکردن نەبوو، دەسەڵات لە سووریا گۆڕدا.
فاتمە مهاجرانی گوتی: "ئێستا بەرگریکردن لە شوێنە پیرۆزەکان و پاراستنی شوێنە دیپلۆماسییەکان لە سووریا، هەروەها پاراستنی شکۆی مرۆڤەکان بۆ ئێمە لە هەموو شتێکی دیکە گرنگترە."
سەبارەت بە پەیوەندییان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی ئەو وڵاتە، مهاجرانی گوتی: "بۆ پەیوەندیمان لەگەڵ سووریا چاودێریی هەموو هەڵسوکەوتەکان دەکەین و دروستبوونی پەیوەندی بەندە بە هەڵسوکەوتەکانی لایەنی بەرامبەر."
گوتەبێژی حکومەتی ئێران جەختی لەوە کردەوە، ئێران و سووریا پەیوەندییەکی مێژووییان هەیە و ئێران پێیوایە پێویستە رێگە بدرێت خەڵکی سووریا خۆیان بڕیار لە چارەنووسیان بدەن.
پێشتر وەزیری دەرەوەی ئێرانیش جەختی لە هەمان هەڵوێستی تاران کردبووەوە.
رۆژی 8ی کانوونی یەکەمی 2024، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "هۆکاری سەرەکی سەرکەوتنی گرووپە چەکدارەکان لە سووریا سوپای سووریا بوو، کە بەرگری نەکرد"، جەختیشی لەوە کردەوە، "ئەگەر سوپای سووریا شەڕی کردبا، تەنانەت حەلەبیش نەدەکەوت".
سەبارەت بە دۆخی باڵیۆزخانەی سووریا لە ئێران، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، "چاوەڕێین بزانین چ حکومەتێک لە سووریا دادەمەزرێت، ئەگەر بگەینە ئەو ئەنجامەی کە دان بەو حکومەتەدا بنێین کە لە دیمەشق دادەمەزرێت، ئێمە باڵیۆزخانەی سووریا لە تاران رادەستیان دەکەین، بێگومان تا ئەو کاتە باڵیۆز و کارمەندانی ئێستا لە باڵیۆزخانە جێگیر دەبن".
بۆ دۆخی باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشقیش، عەباس عێراقچی گوتی، "لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان لە سووریا قسەمان کرد سەبارەت بە ئاسایشی باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانەکەمان و شوێنە پیرۆزەکانی سووریا، ئەوان گەرەنتییان پێداوین، کە ئەم شوێنانە دەپارێزن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ