جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران: تاوەکو 100 ساڵی دیکە ئێران کەسی تێدا نامێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران رایگەیاند، رێژەی گەشەی دانیشتووان لەو وڵاتە تاوەکو 20 ساڵی دیکە بۆ سفر دادەبەزێت و دوای ئەوە ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە کەمدەبێتەوە. دەشڵێت، "ئەگەر دۆخەکە هەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، 100 ساڵی دیکە ئێران کەسی تێدا نامێنێت."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ی تشرینی دووەم، "سمیناری نیشتمانی نەفەس" لە تارانی پایتەختی ئێران بەڕێوەچوو و تێدا باسی مەترسییەکانی پیربوون و کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە و هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی یاسای گەنجکردنەوەی دانیشتووان کرا.
 
لە سمینارەکەدا جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران رایگەیاند، رێژەی گەشەی دانیشتووان لەو وڵاتە تاوەکو 20 ساڵی دیکە بۆ سفر دادەبەزێت و دوای ئەوە ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە کەمدەبێتەوە.
 
عەلیڕەزا رەئیسی، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران گوتی: "ساڵی 1480ی هەتاوی، ژمارەی دانیشتووانی ئێران بۆ کەمتر لە 50 ملیۆن کەس دادەبەزێت. بۆ 40 تاوەکو 42 ملیۆن کەس کەمدەبێتەوە. یانی هەموو وڵاتی ئێران 42 ملیۆن کەسی تێدا دەبێت. لەو 42 ملیۆن کەسەش لە هەر چوار کەس، دوو کەسیان بەساڵاچوون."
 
گوتیشی: "ساڵانە نزیکەی 450 هەزار کەس بە هۆکاری جیاواز دەمرن. لەو لاوە، ژمارەی لەدایکبوونی ساڵانە لە وڵاتەکەماندا بۆ یەک ملیۆن کەس کەمبووەتەوە. ئەو ژمارانە لێک کەمبکەنەوە، 500 تاوەکو 550 هەزار کەسێک دەمێنێتەوە. ئەگەر هەر بەو شێوەیە بچینە پێش، نزیکەی بیست ساڵی دیکە، ژمارەی مردن و لەدایکبوون وەکو یەکیان لێدێ و یەکسان دەبن."
 
بە گوتەی جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران، ئەگەر دۆخەکە هەر بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، 100 ساڵی دیکە ئێران کەسی تێدا نامێنێت. عەلیڕەزا رەئیسی دەڵێت، "لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی ئێران بۆ 42 ملیۆن کەس کەمدەبێتەوە، هەندێک لە وڵاتانی دراوسێ ژمارەی دانیشتووانییان دەگاتە 550 ملیۆن کەس، یان 350 ملیۆن کەس. بە بەراوردکردنی ئەم ژمارانە دەبێ لە قووڵایی کارەساتەکە تێبگەین."
 
عەلیڕەزا زەفەرقەندی، وەزیری تەندروستیی ئێرانیش ئەمڕۆ لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی زانکۆی پزیشکیی ئێران لە تاران باسی مژاری گەنجکردنەوەی دانیشتووان کرد و رایگەیاند، گەنجکردنەوەی دانیشتووان بەتەنیا بە کار و چاڵاکییەکانی وەزارەتی تەندروستی بەدی نایەت، بەڵکوو دەبێت هەموو دامودەزگەکان لەوانەش دامەزراوەی رادیۆ و تەلەڤیزیۆن و وەزارەتی رۆشنبیری بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن.
 
زەفەرقەندی گوتی: "تۆڕێکی بەرفراوانی تەندرۆستیمان هەیە و پێویستە ئەم توانایە بەکاربهێنین بۆ بەدیهێنانی گەنجکردنەوەی دانیشتووان."
 
بە پێی ئامارە فەرمییەکان، رێژەی گەشەی دانیشتووان لە ئێران ئێستا 1.2٪ـە و بەپێی مەزەندەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، 20 ساڵی دیکە رێژەی گەشەی دانیشتووان بۆ سفر دادەبەزێ و دوای ئەوە، کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە دەستپێدەکات.
 
هەروەها لە چوار دەیەی رابردوودا، ئاستی مامناوەندی منداڵبوون لە خێزانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە 6.5 منداڵەوە بۆ 1.6 منداڵ کەمبووەتەوە. لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو کەمبوونەوەیە، خراپبوونی دۆخی ئابووری و لەباربردنی منداڵە. حکومەتی ئێران بە قەدەخەکردنی لەباربردنی منداڵ و پێدانی قەرزی بانکی هەوڵدەدات، خێزانەکان هان بدات، منداڵی زیاتریان ببێت.
 
سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکردنی یاسای گەنجکردنەوەی کۆمەڵگە لە پەرلەمانی ئێران دەڵێت، پێشنیازیان کردووە حکومەت بڕی قەرزی بانکیی منداڵبوون زیاد بکات، چونکە پێدانی ئەو قەرزە و کۆمەڵێک رێکاری دیکە کە لە دوو ساڵی رابردوودا گرتوویانەتەبەر، رێژەی منداڵبوونی سێیەم و چوارەم و پێنجەمی زیادکردووە.
 
ئەمیرحوسێن بانکی‌پوور، سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکردنی یاسای گەنجکردنەوەی کۆمەڵگە لە پەرلەمانی ئێران لەوبارەیەوە دەڵێت، "ئەو هاوکارییانەی بۆ یارمەتیدان بە منداڵبوون دەکرێن، کاریگەرییان هەبووە. بەپێی ئاماری رێکخراوی تۆماری باری شارستانی، ئەمساڵ لەدایکبوونی منداڵی سێیەم 9٪، منداڵی چوارەم 28٪ و منداڵی پێنجەم 51٪ زیاتر بووە."
 
سەبارەت بە لەباربردنی منداڵیش، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران دەڵێت، لەباربردنی منداڵ لەو وڵاتە کێشەیەکی گرنگە و بە پێی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکانی زانکۆکانی کرمان و ئەراک، 41٪ـی لەباربردنی منداڵ لە ئێران بەهۆی ئەوەیە کە خێزانەکان نایانەوێت منداڵی زیاتریان هەبێت، 21٪ـیش بە هۆی خراپیی دۆخی ئابووری خێزانەکان بووە. هەروەها رێژەی لەباربردنی منداڵ لە لایەن ئەو ژنانەی کە هاوژینەکانیان لە کەرتی تایبەتدا کار دەکەن یان بێکارن زیاترە.
 
فاتیمە محەممەدبەیگی، پەرلەمانتاری شاری قەزوین لە سمینارەکەدا باسی کاریگەرییەکانی لەباربردنی منداڵ لەسەر پیربوونی دانیشتووان کرد و رایگەیاند، سێیەکی لەباربردنەکان لە لایەن دایک و باوکەوە دەکرێت و پێویستە هەموو رێکارێک بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی رێگری لەم دیاردەیە بکرێت.
 
فاتیمە محەممەدبەیگی گوتی، دیاردەی پیری و لێکەوتەکانی و تێکچوونی ئاسایشی وڵات پرسی هەموو بنەماڵەکانە و نابێت بە سوکی و ئاسانی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
 
بەپێی دوایین راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران کە لە 12ی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ بڵاوکراوەتەوە، ئەو وڵاتە زیاتر لە 85 ملیۆن کەس دانیشتووی هەیە، نزیکەی 66 ملیۆنیان لە شار و 19 ملیۆن کەس لە گوندەکان دەژین.
 
بەرپرسە باڵاکانی ئێران لە دابەزینی رێژەی گەشەی دانیشتوان و بەرزبوونەوەی ژمارەی بەساڵاچووان لەو وڵاتە لە داهاتوویەکی نزیکدا نیگەرانن.
 
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران چەندین جار نیگەرانییەکانی لەوبارەیەوە خستۆتەڕوو. لە 27-08-2024، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ کابینەی نوێی حکومەت، خامنەیی باسی کەمیی رێژەی گەشەی دانیشتووان لە ئێران کرد و رایگەیاند، "وڵات بەرە پیربوون دەروات و پێویستە بە پێی پێداویستیی وڵات، گۆرانکاری لە یاسا و رێکارەکاندا بکرێت."
 
خامنەیی داوا لە وەزیری تەندروستیی ئێران کرد، بە شێوەیەکی جیدی گرینگی بە بابەتەکە بدات و بەدواداچوونی بۆ بکات.