رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی ئێران رایدەگەیێنێت، لە "هێرشێکی تیرۆرستی"دا لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران، لانیکەم پینج سەرباز کوژران.
رۆژی یەکشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2024، میدیای ئێرانی رایگەیاند: "لەدوای هێرشە تیرۆرستییەکەی شارۆچکەی سەرەڤان، لە باشووری پارێزگەی سیستان و بەلوچستان، لانیکەم پێنج سەرباز شەهید بوون."
بەگوێرەی میدیای ئێرانی، هێرشەکە بۆ سەر هێزی بەسیجەکان لە شارۆچکەی سەرەڤان لە پارێزگەی سیستان- بەلوچستان ئەنجامدراوە.
هێزی بەسیج، ریکخراوێکی سەربازیی سەر بە سوپای ئێرانە.
پارێزگای سیستان و بەلوچستان دەکەوێتە نزیک سنووری پاکستان.
26ـی تشرینی یەکەم، ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند، لە سنووری شاری تەفتانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان هێرشکرایە سەر یەکەیەکی پۆلیس و لە ئەنجامدا 10 کەس لە هێزەکانی پۆلیس کوژران.
لە 27ی تشرینی یەکەم، قەرارگەی قودسی هێزی زەوینیی سوپای پاسداران رایگەیاند: "لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە درۆن بنکەیەکی ئەو چەکدارانەیان کردووەتە ئامانج کە لە هێرشێکدا لە شاری تەفتانی سیستان و بەلووچستان 10 پۆلیسیان کوشت، لە ئەنجامدا چوار 'چەکداری تیرۆریست' کوژران و چواری دیکەش دەستگیر کران."
دوای هێرشەکە، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا یەکەکانی ئۆپەراسیۆن و هەواڵگریی قەرارگەی سوپای قودسی هێزی زەوینی سوپای پاسداران بە بەشداریی هێزەکانی ئیتڵاعاتی سیستان و بەلووچستان و هێزەکانی پۆلیس، "شوێنی خۆحەشاردانی تیرۆریستانیان دەستنیشان کرد، بە بەکارهێنانی درۆنی شەڕکەری هێزی زەوینیی سوپای پاسداران هێرشی کرایە سەر."
دواتر لە 03.11.2024، فەرماندەیی پۆلیسی ئێران رایگەیاند، سەرکردەی ئەو گرووپە چەکدارەی لە ناوچەی گوهەرکوهی شاری تەفتان هێرشی کردە سەر هێزەکانی پۆلیس و بەهۆیەوە 10 پۆلیس کوژران، ئەمڕۆ لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان کوژرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ