ئێران پێنج وێستگەی ئەتۆمی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا دروست دەکات

10-11-2023
سینا سۆما
نیشانەکردن ئێران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، پلانیان هەیە لە پێنج ناوچە لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە پێنج وێستگەی ئەتۆمی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا دروست بکەن.
 
محەممەد ئیسلامی، جێگری سەرۆککۆماری ئێران و سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە رایگەیاند، دوای لێکۆڵینەوەیەکی زۆر، شوێنی پرۆژەکان دەستنیشانکراون و پرۆسەی بونیاتنانی وێستگەکان لە هەندێک شوێن دەستیپێکردووە.
 
سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران دەڵێت، "پرۆژەی یەکەی دوو و سێـی وێستگەی کارەبای ئەتۆمی بوشێهر بە خێرایی کاریان تیێدا دەکرێت و پێشکەوتنی باشیان هەیە، وێستگەی ژمارە یەکیش خراوەتەوە گەڕ و کارەباکەی بەستراوەتەوە تۆڕی نیشتیمانیی کارەبای ئێران."
 
بەگوتەی جێگری سەرۆککۆماری ئێران، ئامانجی پرۆژەکان بەرهەمهێنانی 20 هەزار میگاوات کارەبایە. بەپێی ئەو مۆدێلە داراییانەی کە دیاریکراون و ئەو رێوشوێنانەی کە لەبەرچاو گیراون، بەدواداچوون دەکەین بۆ ئامانجەکەمان کە بەرهەمهێنانی 20 هەزار میگاوات کارەبایە لە رێگەی وێستگەی کارەبایی ئەتۆمی." 
 
محەممەد ئیسلامی، "ئەمڕۆ وزەی ئەتۆمی بووەتە ئەولەویەتی هەنووکەیی زۆر لە گەلان و وڵاتان و دەبینین کێبڕکێیەکی گەورە هەیە لەو بوارەدا."
 
ئێران ئێستا خاوەنی وێستگەیەکی ئەتۆمییە لە پارێزگای بوشێهر لە باشووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە کە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2011دا بە فەرمی کرایەوە و رۆژانە 700 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە