لە تاران 10 هەزار کەس ناویان بۆ کڕینی شوقەی 25 مەتری تۆمارکردووە

10-10-2023
فواد حەقیقی
 دروستکردنی چەند یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە تاران
دروستکردنی چەند یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە تاران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نرخی خانووبەرە لە ئێران رووی لە دابەزینە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بازاڕ ساردوسڕە. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە خەڵک بە کەمی توانی کڕینی خانوویان هەیە، ئەوەش وایکردووە باڵانسی نێوان خستنەڕوو و کڕینی خانووبەرە تێکبچێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە لە تاران زیاتر لە 10 هەزار کەس ناویان بۆ کڕینی خانووی 25 مەتری هەیە.
 
سەرەڕای ئەوەی فرۆشیارانی راستەقینە ئامادەن خانووەکانیان بە هەرزانتر لە نرخی راستەقینە بفرۆشن؛ بەڵام کڕیاری نییە. ئەم دۆخە وایکردووە یەکێتیی هەرەوەزەکانی ئاوەدانکردنەوەی تاران پڕۆژەی خانووی 25 مەتری یان خانووی ئابووری بخاتەڕوو، کە ئەمەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە.
 
خەشایار باقرپوور، بەڕێوەبەری یەکێتیی هەرەوەزەکانی ئاوەدانکردنەوەی تاران گوتی، "ئێمە بەم پڕۆژەیە نامانەوێت شار دروست بکەین. ئێمە گوتمان لە پارێزگاکانی تاران و ئەلبۆرزدا 30 تاوەکو 40 هەزار یەکە بۆ تاقیکاری دروست بکەین. تاوەکو ئێستا نزیکەی 10 هەزار کەس ناویان بۆ کڕینی پڕۆژەی خانووبەرەی ئابووری تۆمار کردووە، ئەگەرچی هێشتا هیچیش لە گۆڕێدا نییە."
 
عەلیڕەزا زاکانی، سەرۆکی شارەوانیی تاران دەڵێت، "ئێمەش بیستمان کە ئەمە وەک بیرۆکەیەک هەیە، پێشم وایە شتێکی باش نییە، زۆر خراپە."
 
ئیقباڵ شاکری، ئەندامی کۆمیسیونی ئاوەدانکردنەوەی پەرلەمانی ئێران باسی لەوە کرد، "ئەمە هەم لەڕووی یاساییەوە و هەم لەڕووی کولتووری و هەم لەڕووی شێوازی ژیانی خەڵکی ئێمەوە و هەم لەڕووی پلانە درێژخایەنەکانی وڵاتەوە، بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە. دروستکردنی خانووی لەمجۆرە بۆ شوێنی ژیانی هەمیشەیی خەڵک، ناکۆکی لەگەڵ کەرامەتی ئینسانیی خەڵکی ئێمەدا هەیە. لانیکەمی رووبەر بۆ دروستکردنی خانوو، لەنێوان 75 تاوەکو 120 مەتر دایە."
 
لە 16 ساڵی رابردوودا حکومەتەکانی ئێران 3 پڕۆژەی جیاوازیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خانووبەرە جێبەجێکردووە، بەڵام هیچیان بە ئامانج نەگەیشتوون. لەبەر ئەمە و بەهۆی بارودۆخی ئابووری و هەڵاوسانی زۆرەوە، خانووی رووبەر کەم لایەنگریشی هەیە. 
 
عەبدولڕەزا گوڵپایەگانی، جێگری پێشووی بیناسازی سەرۆکی شارەوانیی تاران ئاماژە بەوە دەکات، "بارودۆخی ژیانی هەر کەس جیاوازە، ئەگەر ئێمە دان بەمەدا بنێین کە لە ژیانی گەورە شارەکاندا خواست و سەلیقەکان زۆر جیاواز و بەربڵاو هەیە، بەم پێیە دەبێت بیرێکی لێبکەینەوە. هەندی کەس بەهۆی هۆکارە جیاوازە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانەوە پێویستییان بەوەیە لە خانووی بچووکدا بژین. مەبەست، تەنیا خانووی 25 مەتر نییە. مەبەستم خانوویەکی بچووکتر لەو شتەیە لە کۆمەڵگادا باوە. مادام دەفرۆشرێن، واتە پێویستن و خواست لەسەری هەیە."
 
بەپێی راپۆرتی سی مانگ لەمەوبەری وەزارەتی رێگە و بیناسازیی ئێران، 20 ملیۆن کەس یان 6 ملیۆن خێزان لە ئێراندا کرێچین. نزیکەی یەک لەسەر چواری دانیشتووانی ئێرانیش 35 تاوەکو 50٪ـی داهاتی خێزانەکان بۆ کرێ دەچێت. 
 
بەپێی راپۆرتی بانکی ناوەندیی ئێران، ئەگەر کرێکارێک یەک تمەنی داهاتەکەشی خەرج نەکات، لە تاراندا لە ماوەی یەک ساڵدا تەنیا دوو مەتری خانووی پێ دەکڕدرێت. بە واتایەکی دیکە کڕینی خانووبەرە بۆ توێژە کەمداهاتەکان، زیاتر خەونە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە