خامنەیی بۆ ئیسرائیل: شەقێکی گەورەتر دەخۆن

رووداو دیجیتاڵ

رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل رایگەیاند، ئیسرائیل لە رووی سەربازی و هەواڵگرییەوە تووشی شکستێکی وا بووە، کە بە هیچ شێوەیەک قەرەبوو ناکرێتەوە. هۆشداریشی دا بە ئیسرائیل و گوتی، "بە کوشتاری زیاتر لە غەززە، تووشی کارەساتێکی گەورەتر دەبن و شەقێکی گەورەتر دەخۆن."
 
عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ (سێشەممە، 10-10-2023) لە رێوڕەسمی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆ سەربازییەکانی ئەو وڵاتە کە لە زانکۆی سەربازیی ئیمام عەلی لە تاران بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی شەڕی ئەمدواییەی ئیسرائیل و فەلەستینی کرد.
 
عەلی خامنەیی رایگەیاند "لە رووداوەکەی حەوتی تشرینی یەکەم بەدواوە، رژێمی داگیرکەری زایۆنی، چ لە رووی سەربازی و چ لە رووی هەواڵگرییەوە تووشی شکستێکی قەرەبوونەکراو بووەتەوە. هەموو لایەک باسی شکستەکەیان کرد، بەڵام من جەختم لەسەر قەرەبوونەکردنەوەیەتی. ئەو بوومەلەرزەیە، توانیویەتی هەندێک لە ستوونە سەرەکییەکانی ئەو رژێمە داگیرکەرە وێران بکات، کە بونیاتنانەوەیان ئاسان نییە."
 
خامنەیی پەسنی هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دا و رایگەیاند، ئەوانەی دەڵێن ئەو هێرشە کاری فەلەستینییەکان نییە، خوێندنەوەی هەڵە دەکەن. خامنەیی گوتی "ئێمە، نێوچاوان و دەستی پلانداڕێژەرە بە تەگبیر و زیرەک و گەنجانی فەلەستینی ماچ دەکەین، بەڵام ئەوانەی دەڵێن، داستانی قارەمانیێتی ئەمدواییە کاری فەلەستینییەکان نییە، تووشی خوێندنەوەی هەڵە بوونە."
 
رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران پێیوایە هێرشی حەماس ئەنجامی کار و کردەوەکانی ئیسرائیلە و دەڵێت "زایۆنییەکان خۆیان بە کردەوەکانیان ئەو بەڵایەیان هێناوەتە سەر خۆیان. کاتێک زوڵم و تاوان لە سنووری خۆی تێپەری، کاتێک وەحشیگەری گەیشتە ئەوپەری لووتکە، دەبێت چاوەڕێی تۆفانەکە بیت."

 

 
بەگوتەی عەلی خامنەیی، دوای هێرشەکانی حەماس کە کوژراو و برینداربوونی سەتان کەسی لێکەوتەوە، ئیسرائیل هەوڵدەدات خۆی وەکو زوڵملێکراو پێشانی جیهان بدات و، 'هەندێک وڵات و میدیای جیهانیش پشتگیری لێدەکەن، بۆ ئەوەی بتوانێ لە کەرتی غەززە هێرش بکاتە سەر ماڵی خەڵک و هاووڵاتییانی سڤیل کۆمەڵکوژ بکات و، تاوانەکانی دابپۆشێت.'
 
عەلی خامنەیی هۆشدارییەکی تووندی دایە ئیسرائیل و گوتی "با سەرکردە و بڕیاردەرانی رژێمی داگیرکەر و پشتیوانانی بزانن کە ئەم کارە کارەساتێکی گەورەتریان بەسەردا دەهێنێت. دەبێ بزانن کاردانەوەی ئەم دڕندەییانە، دەبێتە شەقێکی قورستر بۆ سەر رووخساری ناشیرینیان."
 
خامنەیی جەختی لەوە کردەوە، بە هێرشەکەی حەماس لە رۆژی حەوتی تشرینی یەکەم، گۆڕانکارییەکی گەورە لە فەلەستین و ناوچەکە روویداوە و، گوتی "ئەو رۆژە رۆیشت کە خەڵکانێک دەهاتن بەڵکو بتوانن بە زمان، بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ستەمکاردا، پێگەیەک بۆ خۆیان لە فەلەستین دروست بکەن. ئەو کاتە ئیتر تێپەڕی. ئەمڕۆ فەلەستینییەکان بەئاگان، گەنجەکان بەئاگان، پلانداڕێژەرانی فەلەستینی بە لێهاتوویی تەواوەوە کاردەکەن. بۆیە ئەم حیساباتەی دوژمنیش هەڵەیە کە وا بیر دەکاتەوە بە پێشاندانی خۆی وەک لایەنی زوڵملێکراو، بتوانێت درێژە بە هێرشە تاوانکارییەکەی بدات."
 
بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند، تاوەکو دوای نیوەڕۆی هەمان رۆژ، نزیکەی "پێنج هەزار" مووشەکی ئاراستە کردن. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیشدا شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبوو. 
 
تائێستا بەهۆی شەڕەکەوە، 704 کەس لە کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوا گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 4000 کەسیش بریندار بوون، هەروەها 900 کەسیش لە ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە و 2 هەزار و 500 کەسی دیکەش بریندارن.