لە تاران نرخی نان گران کرا

10-09-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی سەندیکای نانەواخانەکانی تاران رایگەیاند، بە بریاری سەندیکا و رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ، نرخی نان لە تاران لە نێوان 40٪ تاوەکوو 66٪ گران کراوە.
 
فاتیمە نەزەری، سەرۆکی سەندیکای نانەواخانەکانی تاران رۆژی دووشەممە رایگەیاند، سێ ساڵ بوو هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخی ناندا نەکرابوو، لەکاتێکدا تێچووی ئاو، کارەبا و گاز، هەروەها کرێ، مووچە و بیمەی کرێکارانی نانەواخانەکان زیاتر بووە.
 
فاتیمە نەزەری گوتی، دوای تاوتوێکردنی بابەتەکە لەسەر داوای نانەواخانەکان، بە رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆی ئێران بریاری گرانکردنی نان لە تاران لە نێوان 40٪ تاوەکوو 66٪ درا.
 
بەگوتەی نەزەری، ئێستا نرخی نانی لەواشی سادە لە پارێزگای تاران لە 500 تمەنەوە بووەتە 700 تمەن، نرخی نانی لەواشی جۆری دووەم لە 600 تمەنەوە بۆ 900 تمەن، هەروەها نرخی یەک دانە نانی سەنگەکی ئاساییش لە 3000 تمەنەوە بۆ 5000 تمەن بەرز دەکرێتەوە.
 
سەرۆکی سەندیکای نانەواخانەکانی تاران دەڵێت، نرخی نانی بەربەریی ئاسایی بە ئاردی پلە یەک لە 1800 تمەنەوە بووەتە 2500 تمەن و نانی بەربەریی بە ئاردی پلە دوو لە 2500 تمەنەوە بووەتە 3500 تمەن؛ هەروەها ئێستا نرخی نانی تافتونی ئاسایی لە 900 تمەنەوە بۆ 1260 تمەن بەرز بووەتەوە و نانی تافتونی جۆری دووەمیش لە 1200 تمەنەوە بۆ هەزار و 500 تمەن گران کراوە.
 
لە چەند مانگی رابردوودا لە چەندین پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، لەوانەش کرماشان، سنە و لوڕستان نرخی نان لە نێوان 25٪ تاوەکو 30٪ گران کرابوو.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە