وەزارەتی تەندروستیی ئێران: پێویستیمان بە 20 هەزار مامان هەیە

رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکاری وەزیری تەندروستی ئێران بۆ کاروباریی مامانی دەڵێت، سەرەڕای پەسندکردن و جێبەجێکردنی یاسای پاڵپشتی لە خێزان و گەنجیی دانیشتووان، لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کێشەی کارمەندی تەندروستییان هەیە و "پێویستمان بە 20 هەزار مامان هەیە."
 
رۆژی یەکشەممە، 10ی ئەیلوولی 2023، دکتۆر شەهلا خوسرەوی، راوێژکاری وەزیری تەندروستیی ئێران بۆ کاروباریی مامانی رایگەیاند، "بە پێی یاسای پاڵپشتی لە خێزان و گەنجیی دانیشتووان، دەبێت لە بەرامبەر هەر دوو دایکی دووگیان لانیکەم یەک مامان هەبێت، بەڵام بەو خەمڵاندنەی کە لە وەزارەتی تەندروستی کراوە، ئێستا پێویستیان بە 12 هەزار مامانە لە بەشی چارەسەری پزیشکی و 8 هەزار مامان لە بەشی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان."
 
شەهلا خوسرەوی گوتی، "ئێستا 43 هەزار مامان لە بەشە جیاوازەکانی نەخۆشخانە حکومی و تایبەتەکانی ئێران خزمەت دەکەن. بریارە ئەمساڵ 25  هەزار کەس لە بەشە جیاوازەکانی کەرتی تەندروستی دابمەزرێندرێن و لەو چوارچێوەیەشدا دەیانەوێ 3 هەزار و 250 مامانی دیکە وەربگرن".
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی کەمیی ژمارەی مامان لەو وڵاتە سەرەڕای سەختیی پیشەکە، کیشەی کەمیی مووچەی مامانەکانە.
 
مەنسور جەعفەری نەمین، سەرۆکی ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیکردنی کەرتی تەندروستی ئێران مانگی ئایاری 2023 لە لێدوانێکدا رایگەیاند، پار سەرووی 800 مامان بەرەو دەرەوەی وڵات کۆچیان کردووە.
 
راوێژکاری وەزیری تەندروستیی ئێران بۆ کاروباری مامانی دەشڵیت، "لە زانکۆ پزیشکییەکان ساڵانە سەرووی دوو هەزار خوێندکار لە بەشی مامانی وەردەگیرێن کە 850 کەسیان لە زانکۆ حکومییەکان و 1200 کەسیشیان لە زانکۆ تایبەتەکانن".