یەکەمین دانیشتنی دادگاییکردنی سێ تۆمەتباری هێرشەکەی شیراز بەڕێوەچوو
رووداو دیجیتاڵ
دوای تێپەربوونی چوار هەفتە بەسەر رووداوی هێرشکردنە سەر مەزارگەی شاهچراغ لە شاری شیرازی ئێران، ئەمرۆ یەکەمین دانیشتنی دادگەییکردنی سێ تۆمەتباری سەرەکیی هێرشەکە لە شاری شیراز بەڕێوەچوو. تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەکە، رەحمەتوڵڵا نوورۆزۆڤ، بە ناسناوی ئەسلەم یار، کە خەڵكی تاجیکستانە، بە "دژایەتی خوا" و" گەندەڵیی لەسەر زەوی" تۆمەتبار کراوە کە بە پێی یاساکانی ئێران، سزای لەسێدارەدانی لەسەرە.
ئاژانسی میزان، کە میدیای فەرمیی دەسەڵاتی دادی ئێرانە، ئەمرۆ یەکشەممە، 10ی ئەیلوولی 2023، رایگەیاند، یەکەمین کۆبوونەوەی دادگەییکردنی سێ تۆمەتباری سەرەکیی هێرشەکەی مانگی رابردووی شاری شیراز لە لقی یەکەمی دادگەی شۆرشی ئەو شارە بە سەرۆکایەتی دادوەر مەحموود ساداتی بەڕێوەچوو.
شیرازیان، نوێنەری داواکاری گشتیی شیراز لە دانیشتنی ئەمرۆی دادگە، تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەکە، رەحمەتوڵڵا نوورۆزۆڤ کە خەڵكی تاجیکستانە، بە "دژایەتی خوا، گەندەڵیی لەسەر زەوی و ئەندامێتی لە گرووپی تیرۆریستی داعش بە ئامانجی تێکدانی ئاسایشی ئێران" تۆمەتبار کرد، کە بە پێی یاساکانی ئێران، سزای ئەو تاوانانە لەسێدارەدانە.
تۆمەتباری دووەم و سێیەمی دۆسیەکەش، حەبیبوڵلا عەرەبزادە و ئەمروڵڵا نەزەری، لەلایەن نوێنەری داواکاری گشتییەوە بە "هاوکاریکردنی تۆمەتباری سەرەکیی لە دژایەتیکردنی خوا، گەندەڵیی لەسەر زەوی، گردبوونەوە و دەست تێکەڵکردن بە ئامانجی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران"، تۆمەتبار کران.
سەبارەت بە بەڵگەکانی تۆمەتبارکردنەکەش، شیرازیان گوتی، دانپێدانەکانی تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەکە لەبارەی راهێنانی سەربازی، دانپێدانەکانی تۆمەتبارانی دیکە لەبارەی هەبوونی پەیوەندییەکی رێکخراو لەگەڵ رێکخستنی داعش، ئەو بەڵگانەی لە تەلەفۆنی تۆمەتباری سەرەکیدا دەستی بەسەردا گیراون، پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ ئەندامانی داعش لە دەرەوەی وڵات، زانیاری و بەڵگەکانی کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتباران هاوپێچی دۆسیەکە کراون.
کازم موسەوی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگای فارسی ئێران پێشتر لە 17 ئابی 2023 رایگەیاندبوو، 20 کەس لە سنووری پارێزگای فارس و پارێزگاکانی دیکەی ئێران پەیوەندیدار بەو هێرشەوە دەستگیرکراون، بەڵام بێجگە لەو سێ تۆمەتبارەی کە ئەمرۆ دادگەییکران، سەبارەت بە 17 کەسەکەی دیکە هیچ زانیارییەک بڵاونەکراوەتەوە.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 13-08-2023، لە شاری شیرازی ناوەندی پارێزگای فارسی ئێران، چەکدارێک هێرشیکردە سەر مەزارگەی شاهچراغ و تەقەی لە کارمەندان و زیارەتکارانی مەزارگەکە کرد و لە ئەنجامدا کەسێک کوژرا و هەشت کەسیش بریندار بوون. دواتر یەکێک لە بریندارەکان گیانی لەدەستدا.
رۆژی هەینی، 18-8-2023، وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران لەبارەی هێرشەکەی شاری شیراز راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "هێرشکارەکە خەڵکی تاجیکستانە و لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلەگرامەوە پەیوەندی بە ریزەکانی داعشەوە کردووە و دواتر چووەتەوە تورکیا و پاکستان و لەوێوە چووەتەوە ئەفغانستان و لە ویلایەتی بەدەخشان راهێنانی پێکراوە، دواجار لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ئێرانەوە بە شێوەیەکی نایاسایی هاتووتە نێو ئەو وڵاتە."
تشرینی یەکەمی 2022ش لە هێرشێکدا بۆسەر هەمان مەزارگە، 13 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 20 کەسیش بریندار بوون. ئەوکات، رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشەی لەئەستۆ گرت.
دادگەی شۆڕشی شیراز سزای لەسێدارەدانی بەسەر دوو هاووڵاتیی ئەفغانستانیدا بە ناوەکانی محەممەد رامز رەشیدی و نەعیم هاشم قیتالی سەپاند و لە 8-7-2023 هەردوو کەس لە شوێنێکی گشتی شاری شیراز لەسێدارەدران.