لە خوزستانی ئێران بەهۆی تەقینەوەی گاز شەش کەس گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای خوزستانی ئێران بەهۆی تەقینی بۆریی گاز لە ماڵێکدا لە پارێزگای خوزستانی ئێران شەش کەس گیانیان لەدەستدا.
 
وەحید شەحبانی، بەرێوەبەری گشتی مانگی سووری خوزستان رایگەیاند، رووداوەکە بەرەبەیانی ئەمرۆ پێنجشەممە لە گوندی لالبی سەر بە شاری باغمەلیک روویداوە و دوای ئاگادارکردنەوەیان، سێ تیمی فریاکەوتنیان بۆ شوێنی رووداوەکە ناردوون.
 
بەگوتەی شەعبانی، رووداوەکە بەهۆی تەقینەوەی گازی ماڵێک بووە و بەوهۆیەوە 6 کەس گیانیان لەدەستداوە. گوتیشی لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە دەستپێکردووە بۆ ئەوەی هۆکاری تەقینەوەکە ئاشکرا بکرێت.
 
لادانی پاشماوەی خانووە رووخاوەکە و هەروەها دەرهێنانی تەرمی ئەو شەش کەسە نزیکەی دوو کاژێری خایاند.
 
عارف ئەسل شەرهانی، بەرێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی فریاکەوتنی خێرای خۆزستانیش راگەیاندووە، لە رووداوەکەدا دوو منداڵی 8 و 12 ساڵان، سێ پیاوی 22، 25 و 60 ساڵان و هەروەها ژنێکی 50 ساڵان گیانیان لەدەستداوە.
 
لای خۆیەوە، جەواد شەریفی، بەڕێوەبەری مانگی سووری باغمەلیک گوتی، "ئەمرۆ پێنجشەممە 10-8-2023 لە گوندی لالوب لە ئەنجامی تەقینەوەی گاز خانوویەک رووخا، بە ناردنی 3 تیمی سەر بە کۆمەڵەی مانگی سوور بۆ ناوچەکە، پرۆسەی هەڵگرتنی پاشماوەی خانووە رووخاوەکە بەڕێوەچوو و بە هاوکاری قایمقام و لایەنە پەیوەندیدارەکان پرۆسەکە کۆتایی هات."