باڵیۆزی بەریتانیا لە ئێران بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کرا

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، باڵیۆزی بەریتانیا لە تاران بانگهێشتی وەزارەتەکە کراوە، ئەمەش دوای ئەوەی باڵیۆزەکە لە پەیامێکدا داوای لە بەرپرسانی ئێران کردبوو، ئەو رۆژنامەڤانانە ئازاد بکات، کە بە هەڕەمەکی دەستگیری کردوون.
 
لە راگەیێندراوێکی وەزارەتەکەدا هاتووە کە ئێران بە تووندی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە لێدوانەکانی سایمۆن شێرکلیف، باڵیۆزی بەریتانیا دەربڕیوە و رایگەیاندووە لێدوانەکانی دژی نۆرمەکانی دیپلۆماسی بوون.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی ئەوروپای رۆژئاوا لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەکەدا بە باڵیۆزی بەریتانیای گوتووە "لێدوانی ناهۆشیار و نابەرپرسیارانە کە پێچەوانەی نۆرمەکانی دیپلۆماسی بێت، نموونەیەکی روونی دەستتێوەردانە لە کاروباری ناوخۆ و قبوڵکراو نییە."
 
ئەوەش راگەیێندراوە کە لە بانگهێشتەکەدا ئاماژە بە سیاسەتی "خراپ و بەرگری لێ نەکراوی" بەریتانیا بەرامبەر گەلی ئێران کراوە و، بە سایمۆن شێرکلیف گوتراوە، "بەریتانیا لە دۆخێکدا نییە سەبارەت بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، لێدوان بدات."
 
باڵیۆزی بەریتانیا لە وەڵامدا جەختی لەسەر ویستی وڵاتەکەی کردووەتەوە بۆ هێشتنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەپێی راگەیێندراوەکە.
 
سایمۆن شێرکلیف، باڵیۆزی بەریتانیا لە تاران رۆژی سێشەممە 08-08-2023 لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (توویتەری پێشوو) بە بۆنەی رۆژی رۆژنامەنووسان لە ئێران، پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوای لە حکومەتی ئێران کرد رۆژنامەنووسان و هەموو ئەو کەسانە ئازاد بکات، کە بە هەڕەمەکی لە دوای ئاڵۆزییەکانی ساڵی رابردوو، لە ئێران دەستگیرکراون.