مەسعود پزیشکیان: بەرپرسیاریێتی نادرێتە ئەوانەی روانگەی ئیتنیکی و مەزهەبییان هەیە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران، 18 پێوەر بۆ دەستنیشانکردنی ئەندامانی کابینەکەی دیاری دەکات، یەکێک لە مەرجەکان ئەوەیە؛ کەسەکە نابێ روانینی ئیتنیکی و مەزهەبی هەبێت.
 
نووسینگەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران لە راگەیێندراوێکدا 18 پێوەری بۆ ئەو کەسانە راگەیاند کە پێشنیاز دەکرێن تاوەکو لە کابینەکەیدا بەرپرسیاریێتییان پێبدرێت.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەو کەسانەی پێشنیاز دەکرێن دەبێ پابەند بن بە دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران. بە دەستپاکی، رووڕاستی و ئازایەتی ناسراو بن و روانگەی نیشتمانییان هەبێت. 
 
پێوەرێکی دیکە ئەوەیە، ئەو کەسە نابێ روانگەی ئیتنیکی و مەزهەبی هەبێت. ئاماژە بەوەش کراوە، بەرپرسیاریێتی دەدرێتە کەسانێک کە باوەڕیان بە روانگەی دەنگی بێدەنگەکان هەبێت و، هەوڵی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ژنان، گەنجان و پێکهاتە نەتەوەییەکان بدەن.
 
بەپێی ئەو پێوەرانەی دیاریکراون، کەسانی پێشنیازکراو بۆ وەرگرتنی بەرپرسیاریێتی، دەبێ باوەڕیان بە حکومەتی دیموکراتی هەبێت و شارەزایی پێویستیان لەو بوارەدا هەبێ، کە بۆی پێشنیاز کراون و توانای چارەسەرکردنی کێشەکان و بەڕێوەبردنیان هەبێت.
 
موجتەبا یوسفی، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران ئەمڕۆ (چوارشەممە) رایگەیاند، رێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشکیان رۆژی 30-07-2024 لە پەرلەمانی ئێران بەڕێوەدەچێت. 
 
بەپێی دەستووری ئێران، پێش سوێندخواردن، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێ فەرمانی دەستبەکاربوون بۆ پزیشکیان دەربکات و دوای سوێندخواردن لە پەرلەمان، وەکو سەرۆککۆمار دەستبەکار دەبێت و دەبێ لە ماوەی دوو هەفتەدا ئەندامانی کابینەکەی بۆ وەرگرتنی متمانە بە پەرلەمان بناسێنێت.