نووسینگەی تورکیش ئێیەرلاینز لە تاران داخرا

10-07-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی تورکیا (تورکیش ئێیەرلاینز) لە تارانی پایتەختی ئێران بۆ دوو رۆژ داخرا.
 
بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، رۆژی دووشەممە، 8ی تەممووزی 2024، هێزەکانی پۆلیسی چاودێریکردن بەسەر شوێنە گشتییەکان ناسراو بە (ئەماکن) سەردانی نووسینگەی تورکیش ئێیەرلاینزیان کردووە بۆئەوەی لەبارەی پابەندنەبوونی کارمەندەکانی بە باڵاپۆشییەوە هۆشدارییان پێبدەن، بەڵام کارمەندانی نووسینگەکە هۆشدارییەکەیان بە هەند وەرنەگرتووە.
 
ئاژانسی تەسنیم، کە نزیکە لە سوپای پاسداران، نووسیویەتی، "هۆکاری سەرەکیی بڕیارەکە دەمەقاڵێ و رووبەڕووبوونەوەی کارمەندانی نووسینگەکە لەگەڵ هێزەکانی پۆلیس بووە."
 
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، پۆلیسی تاران رایگەیاندووە، ئەوان بۆ جاری یەکەم هیچ شوێنێک بەهۆی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشییەوە داناخەن، ئەگەر بڕیار بێت شوێنێک بەو هۆکارە دابخرێت، پێشتر لەلایەن پۆلیسەوە ئاگادارکردنەوەی پێویستیان پێدەدرێت.
 
میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت، "دوای دروستبوونی دەمەقاڵێی تووند و رووبەڕووبوونەوەی کارمەندانی نووسینگەکە لەلایەن کارمەندانی نووسینگەکە، پۆلیس بڕیاری داوە ئەو نووسینگەیە بۆ دوو رۆژ دابخرێت."
 
هاوکات عەلی ساڵحی، داواکاری گشتیی تاران لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا رایگەیاند، "بۆ داخستنی نووسینگەی تورکیش ئێیەرلاینز هیچ بریارێک لەلایەن دادگە یان دەسەڵاتی دادوەرییەوە نەدراوە."
 
لە سەرەتای بەهاری ئەم ساڵەوە حکومەتی ئێران لە چوارچێوەی پرۆژەیەک بە ناوی (پڕۆژەی نوور) پۆلیسی رەوشتی چالاک کردەوە کە دوای خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022 بە شێوەیەکی کاتی چالاکییەکانی راگرتبوو.
 
دوای دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی پۆلیسی رەوشت، دەیان کافتریا، خواردنگە، شوێنی گەشتیاری، هۆتێل و دووکان بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی داخران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە