وەزیری تەندروستیی ئێران: گەشتیارانی بیانی پێویستیان بە تێست و کارتی ڤاکسینی کۆرۆنا نییە

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری تەندروستیی ئێران دەڵێت، دۆخی نائاسایی کۆرۆنا لە جیهاندا کۆتاییهاتووە، بەمجۆرەش ئەو گەشتیارە بیانییانەی دەیانەوێت سەردانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بکەن، پێویستیان بە کارتی ڤاکسین نییە.
 
بەهرام عەینوڵڵاهی، وەزیری تەندروستی ئێران، رۆژی چوارشەممە 10-5-2023 گوتی "بە کۆتاییهاتنی دۆخی نائاسایی کۆرۆنا، خەڵک دەتوانن لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتیکی دیکە بە ئاسانی گەشت بکەن و چیدیکە تێستی PCR و کارتی پێکوتەی کۆرۆنا پێویست نییە و سنووردارییەکان هەڵدەگیرێن".
 
بەهرام عەینوڵڵاهی دەڵێ، لەگەڵ ئەوەشدا کۆرۆنا هێشتا چالاکە، بۆیە گرنگە خەڵک پابەندی رێوشوێنەکان بن و داوای لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش کرد، ئەمساڵ لانیکەم قورچێکی دیکەی پێکوتەی کۆرۆنا وەربگرن.
 
تێدرۆس ئەدهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رۆژی 5-5-2023 "کۆتاییهاتنی دۆخی نائاسایی تەندروستیی جیهان بەهۆی کۆرۆنا"ـی رایگەیاند و گوتی، ڤایرۆسی کۆرۆنا برینیکی قووڵی لەسەر جەستەی جیهان داناوە و راگەیاندنی ئەم هەواڵە دەکرێت وەک جەژن وەربگیرێت.
 
بەگوتەی سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، مردنی لانیکەم حەوت ملیۆن کەس بەهۆی پەتاکەوە تۆمارکراوە، بەڵام روونیشیکردەوە "دەکرێت" ژمارەی راستەقینەی مردووان لە 20 ملیۆن کەس نزیک بێت، واتە نزیکەی سێ هێندەی ئامارە فەرمییەکە؛ هۆشداریشی دا کە ڤایرۆسەکە بە هەڕەشەیەکی گەورە ماوەتەوە.
 
ئەدهانۆم رایگەیاند، رۆژی 4-5-2023 بۆ "پازدەیەمین جار، لیژنەی فریاگوزاری کۆبووەوە و پێشنیازی بۆ کردم کە کۆتاییهاتنی باری نائاسایی تەندروستیی نێودەوڵەتی رابگەیێنم. ئەو پێشنیازەم پەسندکرد، بۆیە بە هیوایەکی گەورەوە، کۆتاییهاتنی کۆرۆنا وەک بارێکی نائاسایی تەندروستیی جیهانی رادەگەیێنم."
 
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی جیهانی گوتیشی، ئەو بڕیارەیان دوای شیکارکردنی هۆشیارانەی داتاکان داوە. 
 
ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتایی ساڵی 2019 لە وهانی چین دۆزرایەوە، دواتر بە خێرایی بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەوە و بە پەتایەکی جیهانی راگەیێندرا. 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی پێگەی Worldometers، سەروو 687 ملیۆن و 600 هەزار کەس لە سەرانسەری جیهان تووشی کۆرۆنا بوون.