راوێژکارێکی خامنەیی: گوشارەکان بەردەوام بن، هاوکاریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ناکەین

10-04-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکارێکی سیاسیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت: ''ئەگەر گوشارەکان بۆ سەر ئێران بەردەوام بن، بژاردەی دەرکردنی چاودێران و کۆتاییهێنان بە هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بەردەستە.''
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10-04-2025، عەلی شەمخانی، راوێژکاری سیاسیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئێکس بڵاوی کردووەتەوە: ''بەردەوامیی هەڕەشەکان و رەخساندنی دۆخی هێرشی سەربازی بۆ ئێران، دەتوانێت ببێتە هۆی گرتنەبەری رێوشوێنی خۆپارێزیی وەک دەرکردنی چاودێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و راگرتنی هاوکاریکردنمان لەگەڵیان.''
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەیەوێت بۆ یەکلاییکردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران، لەگەڵ ئەو وڵاتە گفتوگۆ بکات، لە هەمانکاتیشدا هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر گفتوگۆکان نەگەنە ئامانج، ئێران بۆردوومان دەکرێت.
 
بەگوتەی عەلی شەمخانی ئەگەر هەڕەشەکردن لێیان بەردەوام بێت، گواستنەوەی ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەکانیش، بۆ ''شوێنێکی سەلامەت و نادیار لە ئێران'' لە بەرنامەی کاریاندا دەبێت.
 
قسەکانی ئەو راوێژکارە سیاسییەی خامنەیی لەکاتێکدان، رۆژی سێشەممە، 8ـی نیسان دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە. لە بەشێکی قسەکانیدا، ترەمپ باسی لەوە کرد، رۆژی شەممە گفتوگۆی راستەوخۆیان لەگەڵ ئێران دەبێت.
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەمریکا باسی لەوە کرد، گفتوگۆکانی رۆژی شەممەی داهاتوو کە لە مەسقەتی عەمان بەڕێوەدەچن "ناڕاستەوخۆن" و "ئێران ئامادەیە بە جیدی و بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتن بەشداری بکات."
 
عێراقچی جەختی لەوەشکردەوە، ئەوان لەگەڵ گفتوگۆی ناڕاستەوخۆن، "دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ تاکتیک یان رەنگدانەوەی ئایدۆلۆژیا نییە، بەڵکو بژاردەیەکی ستراتیژییە کە لە ئەزموونەوە سەرچاوەی گرتووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە