ئەگەری جێبەجێکردنی سزای سێدارە بەسەر دوو ژنی کورد لە تاران کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوو چالاکڤانی ژنی کورد کە بە لەسێدارەدان سزا دراون، لە گرتووخانەیەکی تاران راگیراون و ئەگەری جێبەجێکردنی سزاکەیان هەیە. وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی بە چالاکیی چەکداریی دژ بە دەسەڵاتی ئێران تۆمەتبار کراون.
عەزیز عەزیزی، باوکی پەخشان عەزیزی دەڵێت، "کچی من سیاسی نەبووە و سیاسی نابێت. لە تەواوی قۆناخەکانی پەروەندەیدا ئەوە هاتووە: ئاغا من وابەستە بە هیچ سازمان و حیزبێکی سیاسی نیم."
سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لەم هەفتەیەدا لە دیوانی باڵای دادوەریی ئێران پەسند کرا. ئەو لە مانگی 7ی 2024 لەلایەن دادگەی شۆڕشی تاران بە لەسێدارەدان سزا درابوو، پارێزەرەکەی تانەی لە بڕیارەکە دابوو.
ئەمیر رەئیسیان، پارێزەری پەخشان عەزیزی دەڵێت، لە دۆسیەکەیدا هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت پەخشان عەزیزی چالاکیی چەکداریی هەبووە، بۆیە تانەیان لە بڕیاری دیوانی باڵای دادوەریی ئێران داوە و داوای پێداچوونەوە بە سزاکەدا دەکەن.
ئارەزوو حوسێنی، دایکی هومەن عەبدوڵڵاهی دەڵێت، "بڕیاری سێدارە لەسەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی بە تووندی مەحکوم دەکەین. داوا لە هەموو رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە جیهان دەکەین هەوڵ بدەن ئەم بڕیارە ناڕەوایە هەڵبوەشێننەوە."
پەسندکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و سزادانی وریشە مورادی بە لەسێدارەدان، کاردانەوەی خەڵکی لە نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستانی لێکەوتووەتەوە، بەتایبەت کەسوکاری قوربانییانی خۆپێشاندانەکان.
پەخشان عەزیزیی 40 ساڵان خەڵکی مهاباد و یاریدەدەری کۆمەڵایەتییە؛ لەکاتی شەڕی داعش وەکو یاریدەدەری کۆمەڵایەتی بۆ هاوکاریکردنی ئاوارە و لێقەوماوانی شەڕ سەردانی باشوور و رۆژئاوای کوردستانی کردووە، لە کەمپی ئاوارەکاندا بەتایبەت هاوکاریی ژن و منداڵانی کردووە. دوای گەڕانەوەی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی 2023 لە تاران دەستبەسەر کرا.