لە ئێران فڕۆکەیەک کەوتە خوارەوە و دوو قوتابی خولی فڕۆکەوانی گیانیان لەدەستدا

10-01-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای ئەلبورزی ئێران، فڕۆکەیەکی راهێنان کەوتە خوارەوە و بە هۆیەوە دوو قوتابی خولی فڕۆکەوانی گیانیان لەدەستدا.
 
محەمەدڕەزا ئەلبورزی، قایمقامی شاری ساوجبولاغ رایگەیاند، فڕۆکەیەکی راهێنان لە جۆری پایپر 28  لە سنووری شارەکە کەوتووەتە خوارەوە.
 
بە گوتەی محەمەدڕەزا ئەلبورزی، ئەو فرۆکەیە رۆژی سێشەممە، لە کاژێر 12:45 لە فڕۆکەخانەوە بەرەو باکووری رۆژئاوای پارێزگای ئەلبورز فڕیبوو، بەڵام دوای دوو کاژێر پەیوەندی لەگەڵیدا دەپچرێت و وەڵامی تاوەری کۆنترۆڵی فڕۆکەخانە ناداتەوە.
 
محەمەدباقر خەلەفی، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مانگی سووری ئەلبورزیش رایگەیاند، دوای گەڕان و پشکنینی زۆر چەند پارچەیەکی فڕۆکەکە و تەرمی دوو فڕۆکەوانەکە لە بەرزاییەکانی گوندی وەشکین سەر بە ناوچەی سفیدارکی شاری ساوجبولاغ دۆزراونەتەوە. گوتیشی لە ئاسمانەوە هەلیکۆپتەرێک و 9 تیمی دیکەش لە زەوییەوە خەریکی گەڕان و پشکنین بوون بۆ دۆزینەوەی فڕۆکەکە کە تایبەت بوو بە راهێنان. 
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، لە رووداوەکەدا ئۆمێد هاشمیان، فڕۆکەوان و عەلی فەراهانی، قوتابی خولی فڕۆکەوانی گیانیان لەدەستداوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە