رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە ئێران دەکات دادگاییکردنی "نادادپەروەرانە" و سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر دەستبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکان بوەستێنێت.
ڤۆلکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ سێشەممە 10-01-2023 راگەیێندراوێکی لەبارەی لەسێدارەدانی ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکانی ئێران بڵاوکردەوە و رایگەیاند، جگە لەو چوار کەسەی لە یەک مانگی رابردوودا لەسێدارە دراون، 17 دەستبەسەرکراوی دیکەی خۆپێشاندانەکانیش بە لەسێدارەدان سزا دراون و مەترسیی جێبەجێکردنی سزاکەیان لەئارادایە.
کۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، دەسەڵاتی ئێران بۆ ترساندنی خەڵک و سەرکوتی ناڕەزاییەکان، دەستبەسەرکراوان بە لەسێدارەدان سزا دەدات و ئەوەش پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانی بواری مافی مرۆڤە.
رەوتی لێکۆڵینەوە و دادگایی ئەو چوار کەسەی لە یەک مانگی رابردوودا لەسێدارە دراون، بە گوتەی ڤۆلکەر تورک، "دادپەروەرانە و یاسایی نەبووە" و رێگە بە تۆمەتباران نەدراوە بەرگری لە خۆیان بکەن و پارێزەر بگرن بۆ بەرگریکردن لێیان؛ هەروەها مافی تانە لێدان لە سزاکەشیان پێنەدراوە.
ڤۆلکەر تورک داوا لە دەسەڵاتی ئێران دەکات، دەنگی ناڕازییان ببیستێت و چاکسازیی یاسایی و سیاسیی پێویست بکات و رێز لە جیاوازیی بیروڕا، ئازادیی خەڵک و مافی ناڕەزایی دەربڕین و مافەکانی ژنان بگرێت. هەروەها داوا دەکات، دەسەڵاتی ئێران رێز لە گیان و دەنگی خەڵکی ئەو وڵاتە بگرێت و "بە خێرایی سزای لەسێدارەدان رابگرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ