ژمارەیەک ژنی ئێران دوای ئازادبوونیان لە زیندان: دەستدرێژیی سێکسی کراوەتەسەرمان

 
رووداو دیجیتاڵ

بەشێکی بەرچاو لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ژنن؛ ژمارەیەکیان دوای ئازادبوون رایانگەیاندووە، لە زیندان "ئازاری جەستەیی دراون و دەستدرێژیی [سێکسی] کراوەتە سەریان."
 
مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی شاری زاهیدانی بەلوچستان دەڵێت، "نابێت رێگە بدەین لە گرتووخانەکان بە خراپ مامەڵە لەگەڵ بەندکراوان بکرێت. بەندکراو دیلە و هیچ ئایینێک رێگە نادات مامەڵەی خراپی لەگەڵدا بکرێت. ئەشکەنجەدان پێچەوانەی دەستوورە و لە هیچ ئایینێکدا رێگەی پێنەدراوە. هەندێک راپۆرتمان پێدەگات لەبارەی مامەڵەی خراپ لەگەڵ دەستبەسەرکراوان. لە راپۆرتی میدیاکاندا لەبارەی هەڵسوکەوت لەگەڵ ژنان، شتی وا دەگوترێت کە بۆ من قورسە باسیان بکەم."
 
بەشێک لەوانەی دەگوترێت خراپ مامەڵەی لەگەڵ کراوە لە زیندانن. یەک لەو کەسانە، ئارمیتا عەباسییە، کە خەڵکی رەشت و نیشتەجێی کەرەجە. نزیکەی سێ مانگە بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی بانگەوازی خۆپێشاندان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستبەسەرە و هەندێک لە میدیاکان دەڵێن، لە نەخۆشخانەی کەرەج بە کەسوکاری گوتراوە، دەستدرێژیی سێکسی کراوەتەسەر و بەو هۆیەوە تەندروستیی تێکچووە و گەیێندراوەتە نەخۆشخانە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی دادی پارێزگای ئەلبورز ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، بەهۆی نەخۆشکەوتن براوەتە نەخۆشخانە و دوای وەرگرتنی چارەسەر گەڕێندراوەتەوە گرتووخانە.
 
مەسعود ستایشی، گوتەبێژی دەزگەی دادی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو بانگەشە درۆیە لەکاتێکدا دەکرێت کە سەرەتا لە میدیاکانی دژبەری دەرەوەی وڵات بڵاوکراوەتەوە و ئەوان بە بڵاوکردنەوەی درۆی گەورەی میدیایی بەنێوبانگن، بەداخەوە هەندێک کەس لە ناوخۆش بەدوای ئەوەدا رۆیشتوون، بەڵام تاوەکو ئێستا ئامادە نەبوون هیچ چەشنە بەڵگەیەک و بچووکترین نیشانەیەک بخەنەڕوو."
 
سەرەڕای رەتکردنەوەی ئەو تۆمەتە لەلایەن دەزگای دادەوە، بەڵام جێگری سەرۆکی دەزگاکە بۆ کاروباری نێودەوڵەتی لە نامەیەکدا بۆ داواکاری گشتیی ئێران داوای کردووە، لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بکرێت و بەڵگەی ئەو کەسانە وەربگیرێت کە دەڵێن، دەستدرێژیی سێکسییان کراوەتەسەر.
 
بەپێی یاسای سزادانی ئێران، دەستدرێژیکردن بە دانپێدانانی دەستدرێژیکەر یان شایەتیدانی چوار پیاو یان سێ پیاو و دوو ژن، یانیش لە رێگەی بڕیاردانی دادوەر بەپێی بەڵگەکانی وەکو وێنە و ڤیدیۆ و بەڵگەی پزیشکی پشتڕاست دەبێتەوە. دەستخستنی ئەو بەڵگانەش بۆ بەندکراوێک ئەگەر مەحاڵ نەبێت، کارێکی یەکجار ئەستەمە.