ئەو کەسانەی لە ئێران بەرنامەکانی سانسۆرکردن دەفرۆشن 'ساڵانە 50 تریلیۆن تمەن قازانج دەکەن'

10-11-2023
فواد حەقیقی
.
.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەگەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بگەڕێیت، دەیان کەناڵ و لاپەڕە دەبینی کە بانگەشە یان ریکلام بۆ VPN یان سانسۆرشکێنەکان دەکەن. لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی ئەوەی زۆرینەی ماڵپەڕ و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان سانسۆرکراون بۆیە ئێستا خواست لەسەر سانسۆرشکێنەرەکان زۆر بوون. 
 
محەممەدحەسەن ئاسفەری، پەرلەمانتارێکە لە ئێران لەوبارەیەوە رایگەیاند، "چ کەسانێک لە فلتەردا قازانج دەکەن؟، من پرسیارم لە وەزیری پەیوەندییەکان کردووە، ئاخۆ ئاگادارە کێن ئەوانەی فلتەر[سانسۆر]شکێنەکان دەفرۆشن؟، ئەوان سەر بە کوێن؟ ئێمە بەمانە دەڵێین، بازرگانەکانی فلتەرکردن. داهاتی ساڵانەیان زیاتر لە 50 تریلیۆن تمەنە، یەک قڕانیش باج نادەن. دەبێت روون بکرێتەوە چ کەسانێک فلتەرشکێنەکان دەفرۆشن؟، چۆن دەیانهێنن؟ چۆن دابەشیان دەکەن؟ حکومەتێک کە دەتوانێت فلتەر بکات، چۆن ناتوانێت ئەمانە فلتەر بکاتەوە؟. دیارە ئەمانە لەنێو هەندێک لە دامەزراوەکاندا دەستیان هەیە."
 
جەواد نیکبین، پەرلەمانتارێکی دیکەیە دەڵێت، "جووڵەی پارەی ڤی پی ئێنەکان[سانسۆرشکێن] لە دەست ئەو کەسانە دایە کە فلتەر دەکەن. ڤی پی ئێن فرۆشەکان لە ناوخۆی وڵاتن نەک لە دەرەوە. ئەوانەی پرۆژەیاسای فلتەرکردن دەنووسن، هەر ئەوانەن کە بەرنامەی ڤی پی ئێنەکانیش دەنووسن."
 
هەڵوێستی ئەو پەرلەمانتارانە کاردانەوەی عیسا زارع پوور، وەزیری پەیوەندییەکانی ئێرانی بەدوای خۆیدا هێنا، داوای لە دەسەڵاتی دادوەری و دەستەی چاودێریی بەسەر هەڵسوکەوتی پەرلەمانتارەکاندا کردووە، لێکۆڵینەوە لە قسەکانی جەواد نیکبین بکات و دەستە نهێنییەکانی مافیای فلتەر ئاشکرا بکەن.
 
غوڵامڕەزا نووری قزڵجە، پەرلەمانتارە و قسەکانی جەواد نیکبین پشتڕاستدەکاتەوە و دەڵێت، "جووڵەی پارەی ئەم بوارە هێندە زۆرە کە زەحمەتە کەرتی تایبەت بتوانێت، لەم ئاستەدا فلتەرشکێن بفرۆشێت." دەشڵێت، "ئەو کەسانەی دەتوانن پرۆژەیاسای فلتەرکردن گەڵاڵە بکەن و دواتریش جێبەجێی بکەن، بێگومان هێندە تواناییان هەیە، بتوانن فلتەرشکێن بفرۆشن."
 
ماوەیەکی زۆرە پەرلەمانی ئێران هەوڵدەدات پرۆژەیاسای سانسۆر ئینتەرنێت پەسند بکات، بەڵام لەبەر ئەو کاردانەوانەی بەرامبەری هەیە، تائێستا پەسندی نەکردووە، زۆر کەس پەسندکردنی ئەو پرۆژەیاسایە بە کۆتاییهاتنی سەردەمی ئینتەرنێتی ئازاد لە ئێران دەزانن.
 
تائێستا بە سانسۆرکردنی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی و بەشێک لە ماڵپەڕەکان، بازرگانی ئۆنلاین زیانی زۆری بەرکەوتووە و بازاڕێکی گەورە لە دەستچووە. بەڵام لە بەرامبەردا کەسانێک هەن قازانج لەو سانسۆرکردنە دەکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە