بەڤیدیۆی ئەنیمەیشن..ئێران هێرشی مووشەكی دەكاتە سەر چەند ئامانجێك لە ئیسرائیل


رووداو- ئیلاف

‌ تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران گرتەیەكی ڤیدیۆیی ئەنیمەیشنی پەخشكرد، كە تێیدا هێرشێكی مووشەكی لەلایەن ئێرانەوە بۆ سەر شارەكانی ئیسرائیل پیشان دەدات، ئەمەش دەنگۆیەكی زۆری ناوەتەوە.

ئەم دیمەنە ڤیدیۆییە لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت لەلایەن (Iran's View) بڵاوكراوەتەوە، كە پشتگیری لە دەسەڵات دەكات لە ئێران‌و ئاماژە بەوە دەكات، كە ماوەی ئەم دیمەنە 4 خولەكە و بەشێكە لە فیلمێكی دیكۆمێنتاری، كە ماوەكەی یەك كاژێرەو ئەگەری بەرپەرچدانەوەی ئێران نیشان دەدات بۆ هەر هێرشێكی ئیسرائیل بۆسەر بنكە ئەتۆمییەكانی ئێران.

هەر لەم دیمەنە ڤیدیۆییەدا دەردەكەوێ چۆن مووشەك ئاڕاستەی ئیسرائیل دەكرێت‌و هەندێكیان لەلایەن سیستمە زەمینییەكانی دژ بە مووشەكی ئەو وڵاتەوە تێكدەشكێنرێ، بەڵام ئەو سیستمە شكست دێنێ لە تێكشكاندنی هەموو مووشەكەكان.

خاڵە بەئامانجكراوەكانیش ژمارەیەكی كەمی پێگە سەربازیی و حكوومییەكانی ئیسرائیلە، لەوانەش بارەگای سەرەكی سوپای ئیسرائیل و بنكەی كیریای سەربازیی تەلئەبیب و بنكەی ئەتۆمی دەیمونەو كۆمەڵێك ئامانجی دیكە.

هەروەها شوێنی مەدەنیش لە‌و دیمەنە ڤیدیۆییەدا بەئامانجكراوە، كە یەكێك لەو خاڵانە بانكێكە دەكەوێتە شەقامی رۆتشیلد لە تەلئەبیب و بنكەی بازاڕكردنی بەناوبانگی ئەرزیل و فرۆكەخانەی بن گۆریۆنی نێودەوڵەتییە.

ئەم گرتە ڤیدیۆییە ئەنیمەیشنە مەبەست لێی نیشاندانی توانا مووشەكییەكانی ئێرانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە دەرەكییەكان و بەرپەرچدانەوەی ئەگەری هەر هێرشێكی دیكە .