پۆلیسی ئێران: ساڵانە زیاتر لە 4000 کەس خۆیان دەکوژن

09-09-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبیژی پۆلیسی ئێران رایگەیاند، خۆکوشتن لە ئێران زیادیکردووە و ساڵانە زیاتر لە 4000 کەس خۆیان دەکوژن.
 
سەعید مونتەزەرەلمەهدی، گوتەبیژی پۆلیسی ئێران رۆژی یەکشەممە 9ی ئەیلوولی 2024 بەبۆنەی رۆژی جیهانیی رێگریکردن لە خۆکوژی ئامارێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ساڵانە زیاتر لە 4000 کەس بە رووداوی خۆکوشتن لە ئێران گیان لەدەستدەدەن، لەنێوان 10 تاوەکو 20 هێندەش تووشی زیانی تەندروستی دەبن.
 
گوتەبیژی پۆلیسی ئێران بۆ رێگریکردن و کەمکردنەوەی رووداوی خۆکوشتن ئاماژە بە گرتنەبەری چەند هەنگاوێک دەکات و دەڵێت، "پێویستە هێڵی گەرمی فریاگوزاری لە سەرانسەری وڵاتدا فراوان بکرێت، ژمارەی ناوەندەکانی تەندروستیی دەروونی زیاتر بکرێن، هەر جۆرە بیرکردنەوە و وشەیەک کە گوزارشت لە خواستی خۆکوشتن بکات (بەتایبەت لە هەرزەکاران و گەنجاندا) پێویستە بە جیدی وەربگیرێت، هەروەها پێویستە قوتابخانە و زانکۆ و میدیاکان بەهێزکردنی تواناکانی زیرەکیی سۆزداری لە فێرخوازان و بینەردا بە جیدی وەربگرن."
 
سەعید مونتەزەرەلمەهدی دەشڵێت، 80%ی ئەو کەسانەی خۆیان کوشتووە، پێشتر باسی هەوڵەکەیان کردووە.
 
بە گوتەی گوتەبیژی پۆلیسی ئێران، دەرئەنجامە خراپەکانی خۆکوشتن تەنیا تایبەت نییە بە قوربانییەکان و بنەماڵەکانیان، بەڵکو کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگەش دەبێت.
 
ساڵی رابردوو فەرماندەیی پۆلیسی ئێران راپۆرتێکی لەبارەی خۆکوژی لەو وڵاتە بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، لە 10 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 40 هەزار کەس لە ئێران خۆیان کوشتووە.
 
رۆژی 04-09-2024 حەمید پەیڕەوی، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی زانستیی رێگریکردن لە خۆکوژی لە ئێران رایگەیاند، ئامارەکانی مردن بە خۆکوژی لە جیهاندا بەرەو کەمبوونەوەیە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا ئەو دیاردەیە لە ئێران زیاتر بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە