لە مەریوان فێستیڤاڵی شانۆی سەر شەقام دەستیپێکرد
رووداو - هەولێر
فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان بە بەشداری 400 هونەرمەند دەستیپێکرد، لە هەشت وڵاتەوە هونەرمەند و ئەکتەرەکانی نواندن روویان لە مەریوان کردووە.
لەسەر شەقامەکانی شاری مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ماوەی پێنج رۆژ چالاکی و نواندنی شانۆیی نمایش دەکرێن، رۆژانە 41 دیمەنی شانۆیی بۆ خەڵک و تەماشاکارانی فێستیڤاڵ نیشان دەدرێن.
فێستیڤاڵی ئەمساڵ بەربڵاوتر لە ساڵانی پێشوو بەڕێوەدەچێت، 400 شانۆکار بەشدارییان تێدا کردووە و شەش گرووپی جیهانی و 36 گرووپیش لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و گرووپێکیش لە باشووری کوردستانەوە بەشدارن.
بەگوتەی بەرپرسانی فێستیڤاڵ 55 گرووپ لە وڵاتانی جیاوازی جیهانەوە خوازیاری بەشداری بوون، کە رەزامەندی لەسەر بەشداریی شەش گرووپ دەربڕاوە، هونەرمەندانێکی گەورەش نێوبژیوانن.
شانۆی سەرشەقامی مەریوان لە ساڵی 2004ـەوە هەموو کۆتایی هاوینێک بەڕێوەدەچێت، مەریوان وەک پایتەختی شانۆی سەرشەقام دەناسرێت و فێستیڤاڵی ئەمساڵ لە پێنج بەش پێکدێت، بەشی ئازاد، ئایینی، پێداچوونەوە، منداڵان و مێرمنداڵان و نێودەوڵەتی.
لە فێستیڤاڵی ئەمساڵدا هەر رۆژ 41 شانۆ لە شوێنە جیاوازەکانی مەریوان بەڕێوەدەچێت، لە کۆتاییشدا ئەکتەر و گرووپە براوەکان خەڵات دەکرێن.
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن