رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئێران باس لەوە دەکات، هێزی دەریایی سوپای پاسداران 2600 درۆن و مووشەکی نوێی بەدەست گەیشتووە، ئەوەش لە کاتێکدایە جیهان چاوەڕێی هێرشی ئێران و حیزبوڵڵایە بۆسەر ئیسرائیل.
رۆژی هەینی 09-08-2024 میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، بە فەرمانی فەرماندەی سوپای پاسداران، ژمارەیەکی زۆر لە مووشەکی کرووزی دژە کەشتی گەیشتنە دەست هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران؛ ژمارەیەک مووشەکی مامناوەندی و درۆنیش رادەستی هەمان هێز کراون.
لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە، "مووشەکەکان هێز و توانای نوێیان بۆ زیاد کراوە، کڵاوەی تەقینی بەهێزتریان بۆ دانراوە کە دەستنیشانکردنیان بە رادار سەختە."
بەگوێرەی میدیای ئێران، ژمارەی ئەو مووشەک و درۆنانە لانیکەم 2 هەزار و 654 دەبێت کە رادەستی هێزی دەریایی سوپای پاسداران کراون.
حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران لە بۆنەیەکدا کە تێیدا بەشێک لە مووشەکەکان پێشاندران، گوتی، "زۆر گرنگە بتوانین دووژمن لەخۆمان دووربخەینەوە. ئەگەر ئێمە نەتوانین لەنێو قووڵایی ئاو و زەریاکاندا دووژمن رابگرین، ئەوا لە سنوورەکانی خۆمان تووشی کێشە دەبین".
حوسێن سەلامی گوتی، "لە جیهانی ئەمڕۆدا یان دەبێت زۆر بەهێز بیت بۆ ئەوەی بمێنیتەوە و سەلامەت بیت، یانیش دەبێت خۆت رادەست بکەیت؛ هیچ شتێک لە نێوانیان نییە."
گەیشتنی ئەو مووشەک و درۆنانە لەکاتێکدایە، ناوچەکە بەهۆی جەنگی غەززەوە لە مانگی 10ـی پارەوە کاریگەرییەکی زۆری کەوتووەتە سەر.
کوژرانی فوئاد شوکر، کەسی دووەمی حیزبوڵڵا لە بەیرووت لە 30ـی تەممووز و دواتر کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران رۆژی دوای ئەوە دۆخەکەی سەختتر کردووە. ئێران و حیزبوڵڵا هەڕەشەی هێرش و وەڵامدانەوە دەکەن. ئیسرائیل لە لایەکی دیکە، رایگەیاند بۆ هەموو ئەگەرێکی بەرگری لەخۆ کردن و هێرشکردن ئامادەن.
دوێنێ پێنجشەممە، عەلی باقری، وەزیری کاربەڕێکەری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئیسرائیل بە کوشتنی هەنییە و شوکر، "هەڵەیەکی ستراتیژی کرد و دەبێت باجی ئەو هەڵەیە بدات."
ئێران پشتگیری لە حەماس دەکات و ستایشی هێرشەکەی 07-10-2023ـی کردووە کە جەنگی ئەم جارەی غەززەی لێکەوتەوە، بەڵام رەتی دەکاتەوە هیچ دەستوەردانێکی راستەوخۆی هەبووبێت.
لە هێرشەکەی ئۆکتۆبەردا، ئیسرائیل رایگەیاند، چەکدارانی حەماس لانیکەم هەزار و 200 کەسیان کوشت و نزیکەی 250 کەسیشیان بە بارمتە گرت. تەندروستیی غەززە دەڵێت، تاوەکو ئێستا لانیکەم 39 هەزار 700 کەس کوژراون "کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ