رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ داوا لە ئێران دەکات، سزای لەسێدارەدان هەڵبوەشێنێتەوە و دەشڵێت، سزای لەسێدارەدان لە ئێران زیاتر لەسەر خەڵکی کورد، عەرەب و بەلوچ جێبەجێ دەکرێت.
ڤۆلکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆ هەینی راگەیێندراوێکی لەبارەی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە دوو رۆژی ئەم هەفتەیەدا لانیکەم 29 کەس لەو وڵاتە لەسێدارەدراون و بەوەش ژمارەی ئەوانەی لە ساڵی 2024دا لەسێدارەدراون گەیشتووەتە 345 کەس، کە 15یان ژنن.
ڤۆلکەر تورک دەڵێت، بەشی زۆری ئەوانەی لەسێدارەدراون بە تاوانی پەیوەندیدار بە بازرگانی بە مادەی هۆشبەر و کوشتن سزاکەیان بەسەردا سەپێندراوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەداوە، سزای لەسێدارەدان زیاتر بەسەر سزادراوانی کورد، عەرەبی ئەهواز و بەلوچدا جێبەجێ دەکرێت.
کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ داوا لە ئێران دەکات، پەیوەست بێ بە یەکڕیزی جیهانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و ئەو سزایە نەهێڵێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ