لە ئێران 5 کەس بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر ژنێک لەسێدارەدران


هەولێر دیجیتاڵ

لە شاری مەرەندی سەر بە پارێزگای تەورێزی ئێران، 5 کەس بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ژنێک لەسێدارەدران.
 
بەپێی ئاژانسی میزان کە میدیایی تایبەتی دەستەڵاتی دادی ئێرانە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 09-08-2023، زیا مێهر، داواکاری گشتیی شاری مەرەند رایگەیاند، بڕیاری لەسێدارەدانی ئەو پێنج کەسە بە تۆمەتی "دەستدرێژی بۆ سەر ژنێک" جێبەجێکرا.
 
لەبارەی ناسنامەی ئەو کەسانە، دەسەڵاتی دادی ئێران هیچ زانیارییەکی بڵاونەکردووە. زیا مێهر رایگەیاندووە، ئەو پێنج کەسە بەهاری پار، ژنێکیان رفاندبوو و، بردبوویان بۆ کۆیستانەکانی دەوروبەری مەرەند و دەستدرێژیی سێکسییان کردبووە سەری.
 
داواکاری گشتیی مەرەند هەروەها رایگەیاندووە، تەنیا 4 رۆژ دوای رووداوەکە هەر پێنج تۆمەتبارەکە لەلایەن هێزەکانی پولیسەوە دەستگیرکران و لە لێکۆڵینەوەکاندا دانیان بەوەدا نا کە تاوانەکەیان ئەنجامداوە.
 
بە گوتەی زیا مێهر، دواتر دۆسیەی ئەو تۆمەتبارانە رەوانەی دادگە کرا و بەپێی بەڵگەنامەکان و هەروەها دانپێدانانی خۆیان، دادگە بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ ئەو کەسانە دەرکرد و دوای ئەوەی بڕیارەکە لەلایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە پەسەندکرا، ئەمڕۆ هەر پێنج کەسەکە لەسێدارەدران.
 
لەلایەکی دیکەوە رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران رایگەیاندووە، تەنیا لە مانگی رابردوودا، 61 کەس لە ئێران لەسێدارەدراون و ئاماژەی بەوە کردووە کە لەسێدارەدان لەو وڵاتە زیاتر بووە.