مامۆستایانی بەشێک لە قوتابخانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گردبوونەوە

09-05-2023
گردبوونەوەی بەشێک لە مامۆستایانی سنە
گردبوونەوەی بەشێک لە مامۆستایانی سنە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مامۆستایانی شاری سنە بۆ خستنەڕووی داواکارییەکانیان چوونە سەر شەقام، بەڵام پۆلیسی ئێران بەرەنگاریان بووەوە و هەوڵی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی دا. ئەمڕۆ لە ژمارەیەکی زۆری شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا مامۆستایان ناڕەزایەتییان دەربڕی.
 
مامۆستایەک دەڵێت، "مانگرتنی مامۆستایانی شوشە بۆ بەرگری لە مامۆستا دەستگیرکراوەکانە، هەروەها داوای پلەبەندیی دەکەین، مووچەکانمان هاوئاستی فەرمانبەران بێت و بۆ داواکارییەکانی دیکەمان لە بەر دەرگەی پەروەردەی شاری شوش کۆبووینەتەوە."
 
ژمارەیەکی زۆری مامۆستایان لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی ناڕەزایەتی بە دۆخی بژێوییان دەستگیر کراون، یان سزای قورسیان بەسەردا سەپێنراوە، لەوانە عەلی شەمایلی، مامۆستای خەڵکی سۆنقور.
 
عەلی شەمایلی، مامۆستایە و دەڵێت، "لەبەر ئەوەی لە فەیسبووک و تەلەگرام هەندێ بابەتم نوسیبوو و رەخنەم گرتبوو، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سۆنقورەوە دەستگیرکرام، دادگەی شۆڕشی کرماشان لەبەر تۆمەتی ناڕاستی وەک پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی، سوکایەتی بە رێبەر و هاندان بۆ راپەڕین، سزای 5 ساڵ و 10 مانگ زیندانی بەسەرمدا سەپاندووە."
 
ناڕەزایەتیی ئەمڕۆی مامۆستایان لەسەر داواکاریی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی ئێران بەڕێوەچوو. ناڕەزایەتییان زۆرە، سەرەکیترینیان پرسی پلەبەندیی مووچەکانیانە، پلەبەندیی بۆ باشترکردنی کوالێتیی خوێندن و مووچەی مامۆستایان دانراوە. 
 
12 ساڵ بوو مامۆستایان چاوەڕوان بوون جێبەجێ بکرێ، دوای ناڕەزایەتیی زۆری مامۆستایان؛ ساڵی پار جێبەجێ کرا، بەڵام لە جێبەجێکردنیدا کەموکوڕی هەیە و کەمتر مامۆستایەک هەیە لە دۆخی پلەبەندیی خۆی رازی بێت.
 
لەم پڕۆژەیەدا مامۆستاکان لەڕووی پێشینە و شارەزاییەوە بۆ سەر چوار گرووپ دابەشکران، بەڵام مامۆستاکان دەڵێن، زۆربەیان مافی خۆیان پێنەدراوە و لە ئاستی نزمتردا پۆلێنبەندیی کراون. تەنانەت هەندێ لە مامۆستایانی خاوەن ئەزموون و خانەنشین پلەبەندی نەیانی گرتووەتەوە.
 
وەزارەتی پەروەردەی ئێران سەختگیری زۆری کردبوو، هۆکاری ئەمەش کەمیی بودجەی ئەم وەزارەتە و هەڵە لە رێوشوێنەکانی پلەبەندییدا بوو، ئەمە بووە هۆی ئەوەی پێدانی مووچەی مامۆستایان لە نەورۆزدا کێشەی بۆ دروست بێت. وەزیری پەروەردە بە وەکالەت بەڵێنی داوە کەموکوڕییەکان چارەسەر بکرێت.
 
رەزا مورادی سەحرایی، وەزیری پەروەردەی ئێران بە وەکالەت باس لەوە دەکات، "پلەبەندیی جێبەجێ کرا و هەمووان پلەکانیان وەرگرت. بەشێوەیەکی رێژەییش رەزامەندیی لەسەری هەیە. هەر کەس کە پلەی پێنجەمی وەرنەگرتبێت، ناڕازییە، هەر کەس بەرزترین پلە وەرنەگرێ، دەڵێ ناڕازیم، بەڵام کاری پلەبەندی ئەوەیە مامۆستا بخاتە سەر رێڕەوی گەشەکردن."
 
بەڵام مامۆستاکان پێیان وایە وەزارەتی پەروەردە پلانی پلەبەندی بە سەقەتی جێبەجێ کردووە و بە جۆرێک ویستوویەتی فێڵ لە مامۆستاکان بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە