داواکاری گشتیی تاران 97 ئەمریکی بە کوشتنی قاسم سولەیمانی تۆمەتبار دەکات

رووداو دیجیتاڵ

داواکاری گشتیی تاران رایگەیاند فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 97 ئەمریکی دەرچووە، کە تۆمەتبارن بە کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودسی ئێران، لەوانە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و مایک پۆمپەیۆ، وەزیری پێشووی دەرەوە و ژەنەراڵ کێنێس مەکێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا.
 
عەلی ساڵحی، داواکاری گشتیی تاران رۆژی دووشەممە، 8-5-2023 رایگەیاند "لەچوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لە تیرۆرکردنی فەرماندەی سوپای قودس، شەهید قاسم سولەیمانی، 97 تۆمەتباری ئەمریکی دیاریکراون و بڕیاری هێنانە بەردەم دادگە بۆ 73ـیان دەرچووە. داواکاریی هاوئاهەنگیی دادوەری، ئاراستەی نۆ وڵات کراوە، کە لە دۆسیەی شەهیدکردنی سولەیمانی و هاوڕێیەکانی بەشدارن".
 
سەرەتای ئەمساڵ، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند وەزارەتەکەی و دەسەڵاتی دادوەری بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانەی قاسم سولەیمانی و هاوڕێکانیان لە فڕۆکەخانەی بەغدا پێش سێ ساڵ لەمەوبەر کوشت.
 
دەزگای دادی ئێران ئاشکرایکرد؛ ژمارەیەک وڵات لە کوشتنی قاسم سولەیمانی بەشدار بوون و 125 تۆمەتبار و گومانلێکراوی دیاریکرد کە لە ئیدارەی ئەمریکا بوون و بەشێکیان هێشتا لە پۆستەکانیاندا ماون.
 
هەروەها بەپێی نووسراوێکی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی عێراق، کە وەڵامی پەرلەمانتارێکە بەناوی حوسێن موئنیس و کۆتایی مانگی رابردوو بڵاوبووەوە، ئەو دەزگایە داوای لە دادگەی لێکۆڵینەوەی ناوەندی کردووە، رێوشوێنی یاسایی لەو دۆسیە بگرنەبەر، کە پەرلەمانتارەکە داوایکردبوو سکاڵای یاسایی لە دژی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق و سەرۆکی ئەو کاتەی دەزگای هەواڵگریی عێراق بجوڵێنن بەهۆی "کەمتەرخەمی" لەگەڵ بەشێک لە فەرمانبەرانی دەزگای هەواڵگری لە پای پێنەدانی زانیاریی ئەمنیی پێویست بە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست کە رێگە لە سەلامەتیی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراق لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بگرێت بەهۆی ئەو بۆردوومانە مووشەکییەی ئەمریکا کە لەرێگەی درۆنەوە کرا.
 
قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبوو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، نیوەشەوی 3ـی کانوونی دووەمی 2020 لە رێگەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کوژران. لەدوای ئەوە، ئیسماعیل قائانی بە فەرماندەی نوێی فەیلەقی قودس دیاریکرا.