لە هەمەدان دایک و کچێک کە پابەندی باڵاپۆشی نەببوون و دەستگیرکرابوون خۆیان رزگار کرد
رووداو دیجیتاڵ
کچ و دایکێک خۆیان لە زیندانی مەزارگەیەک رزگار کرد، دوای ئەوەی لەلایەن خزمەتگوزارەکانی مەزارگەکەوە بەهۆی پابەند نەبوونیان بە باڵاپۆشی، دەستبەسەر کرابوون.
چیرۆکی دایک و کچەکە بەمشێوەیەیە: ئەوان پابەندی باڵاپۆشی نەبوون بۆیە خزمەتگوزارەکانی مەزارگەیەک لە ژوورێکی مەزارگەکە زیندانییان کردوون، بەڵام دایک و کچەکە بەسەر دەرگای مەزارگەکە کەوتن و بەو شێوەیە توانیان خۆیان رزگار بکەن، لەمڕۆژانەشدا بەریککەوتنی هاوشێوە لەنێوان ژنانی پابەندنەبووی باڵاپۆشیی ناچاری و لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی ئێران، زۆر زیادی کردووە.
لەم ڤیدیۆیەدا ژنێک لە پارکێکی تاران دەردەکەوێت، کە کێشە بۆ ژنانی پابەندنەبوو بە باڵاپۆشی دروست دەکات، هەروەها لە میترۆی تاران ئەو ژنانەی پابەندی باڵاپۆشی نین، رێگەیان پێنادرێت تێپەڕن و داوایان لێدەکرێت پابەندی باڵاپۆشی بن.
هەوڵدانی لایەنە تووندڕۆکان بۆ تووندترکردنەوەی کەشی کۆمەڵگە بۆ ژنانی پابەندنەبوو بە باڵاپۆشی لە وتاری هەفتەی رابردووی رێبەری ئێرانەوە زیاتر بووە، عەلی خامنەیی، باڵاپۆشیی وەک شتێکی "شەرعی و یاسایی" ناوبرد و گوتی: "پابەندنەبوون پێی، حەرامێکی شەرعی و سیاسییە".
باڵاپۆشی بۆ دەسەڵاتی ئێران هەستیارییەکی زۆر تایبەتی هەیە، دامودەزگا جیاوازەکان لە هەوڵ دان، رێ لە شەپۆلی فڕێدانی لەچک بگرن.
پۆلیسی ئێران رایگەیاندووە، لە رۆژی شەممەی داهاتووەوە پرۆژەیەکی نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی پابەندنەبووەکان بە باڵاپۆشی لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان، دووکان و نێوئۆتۆمبێلدا جێبەجێ دەکات، بۆ ئەم مەبەستە پۆلیس کامێرا لە شوێنە گشتییەکاندا جێگیر دەکات.
ئەحمەدڕەزا رادان، سەرۆکی پۆلیسی ئێران گوتی "لە شوێنە گشتییەکان، بە کەڵکوەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو، ئەو کەسە دەستنیشان دەکرێت، ئامۆژگاری و ئاگاداردەکرێتەوە و دوای ئەوە بە بەڵگەوە رادەستی دادگە دەکرێت، بۆ ئۆتۆمبێلیش سەرەتا ئاگادارکردنەوە و لە قۆناخی دووەمدا بە سێ شێوە دەبێت. یەکەم راگرتنی ئەلیکترۆنی، دووەم راگرتن لە شوێنی سەرپێچی و سێیەم راگرتن لە پارکینیگ. ئەو دووکانانەی بەڕێوەبەرانی پابەندی باڵاپۆشی نین، ئامۆژگاری دەکرێن و دواتر هۆشداری داخستنیان پێدەدرێ و دوای ئەوەش دادەخرێن. ئەمە هۆڵەکانی شایی، رێستۆرانت و شوێنە گەورەکانی دیکەش دەگرێتەوە".
حوسێنعەلی حاجی دلیگانی، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئێران دەڵێت: پەرلەمان پشتیوانی لە بڕیارەکەی پۆلیسی ئێران دەکات. ئەوە لە کاتێکدایە ساڵانێکی زۆر پۆلیسی ئێران بەرەنگاری ژنانی پابەندنەبوو بە بەڵاپۆشی دەبووەوە.
محەممەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتی "دەبێت ئەزموون وەربگرین لە رێکارە بێئاکامەکانی پێشووی پۆلیسی رەوشت و، رێکاری دروست رەچاوبکرێت بۆ ئەوەی بە ئەنجامی دڵخواز بگات".
ئەحمەد حوسێن فەلاحی، پەرلەمانتاریش سەبارەت بە هەمان پرس گوتی "لە پەرلەماندا زیاتر لە 100 کۆبوونەوە بۆ دەرکردنی یاسایەک بۆ پرسی باڵاپۆشی کراون، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان پرۆژەکەی راگرتووە، چونکە چاوەڕێی پرۆژە یاسای دەسەڵاتەکانی دیکەیە".
ساڵانێک بوو بەشێکی ژنان بەرامبەر باڵاپۆشی ناچاری ناڕازی بوون، بەڵام لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی پارەوە بە یەکجاریی فڕێیان دا و ئێستاش بەرامبەر خستنەوەسەریان، بەتووندی بەرگری دەکەن و نایانەوێ پاشەکشێ بکەن.