پۆلیسی ئێران: کامێرای چاودێریی دادەنرێت بۆ ئەو ژنانەی باڵاپۆش نین


رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی ئێران رایگەیاند، کامێرا لە شوێنە گشتییەکانی ئێران جێگیردەکەن بۆ ئەوەی ئەو ئافرەتانە دەستنیشان بکەن کە باڵاپۆش نین و سزای یاسایی وەربگرن. 
 
رۆژی شەممە 8ی ئاداری 2023، پۆلیسی ئێران رایگەیاند، لەمەودوا لە کامێراکانی چاودێرییەوە ئەو کەسانە دەستنیشان دەکەن کە پاڵاپۆش نین. "ئەم شێوازە دەبێتە هۆی ئەوەی کە رێگرییەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاسای باڵاپۆشی کەمببێتەوە."
 
پۆلیس گوتیشی، "ئەو ئافرەتانەی کە باڵاپۆش نین، سەرەتا لە رێگەی کورتەنامەیەکەوە ئاگاداردەکرێنەوە و دەرئەنجامی ئەو پێشێلکارییەیان بۆ رووندەکرێتەوە." 
 
پۆلیسی ئێران راشیگەیاند، "رێگە بە هیچ بەرهەڵستی و پێشێلکارییەک دژی یاسای باڵاپۆشی نادرێت."
 
بەگوێرەی یاسای ئێران کە لە دوای شۆڕشی ئێران لە ساڵی 1979ـەوە بەرکارە، هەر ئافرەتێک بەبێ سەرپۆش بڕواتە دەرەوە، رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە، سزاکەش بریتییە لە دەستگیرکردن یاخود پێبژاردن.  
 
لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوو، ژینا ئەمینیی تەمەن 22 ساڵ، کچە کوردی دانیشتووی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی سەردانێکیدا لەگەڵ خێزانەکەی بۆ تاران بە تۆمەتی "پابەندنەبوون رێکارەکانی باڵاپۆشییەوە" لەلایەن یەکەیەکی پۆلیسی ئێران کە بەرپرسن لە چاودێریکردنی جلوبەرگی ژنان کە بە "پۆلیسی رەوشت" ناسراون دەستبەسەرکرا و رۆژی 16ی ئەیلوولی هەمان مانگ گیانی لەدەستدا. دواتر باوکی ژینا بە رووداوی گوت، کچەکەی کوژراوە. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە هەزاران کەس لە زۆربەی شارەکانی ئێران دژی "پۆلیسی رەوشت" خۆپێشاندان بکەن و داوای هەڵوەشاندنەوەی یاساکە بکەن. 
 
پۆلیسی رەوشت کەی دامەزرا؟  
 
هەرچەندە لە سەرەتای دامەزراندنی "کۆماری ئیسلامیی ئێران" دەستەیەک بەناوی (ئەمر بیلمەعرووف و نەهی عەن مونکەر) واتە "فەرمان بە چاکە و دوورکەوتنەوە لە خراپە" دامەزراوە و کاری چاودێری جلوبەرگ و رەفتاری خەڵک بووە و دەسەڵاتی لێپێچینەوە و دەستگیرکردنی خەڵکی هەبووە، بەڵام ئەو هێزانەی کە بە پۆلیسی رەوشت ناسراون، لە ساڵی 2006دا لە سەردەمی سەرۆکایەتیی مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆکی پێشووتری ئێران دامەزرا و بڕیار درا "گەشت ئیرشاد" واتە تیمی گەڕۆک دروستبکەن و چاودێریی جلوبەرگ خەڵک بکەن، بە تایبەتی ژنان، تاوەکو هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت و بزانرێت تاوەکو چەند لەگەڵ جلوبەرگ و بەهای ئیسلامی گونجاوە. 
 
پۆلیسی رەوشت لە ژێر چاودێری ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامیدایە و لە سەردەمی هەشت ساڵەی سەرۆکایەتیی حەسەن رووحانیدا کچان و ژنان تاڕادەیەکی زۆر ئازادی جل پۆشینیان هەبوو کە دەگەیشتە لەبەرکردنی پانتۆڵی جینز "کاوبۆ" و لەچکێکی کورتی رەنگا و رەنگ؛ بەڵام لە تەممووزی ساڵی 2021  کە ئیبراهیم رەئیسی دەسەڵاتی وەرگرت، پۆلیسە گەڕۆکەکانی رەوشت کاریان چڕتربووەوە و داوای "پتەوترکردنی دامەزراوە و رێنماییەکانی تایبەت بە یاسای باڵاپۆشی کرد" و گوتی، "دوژمنانی ئێران و ئیسلام بەنیازن بەها کولتووری و ئایینییەکانی کۆمەڵگەکەمان لە رێگەی بڵاوکردنەوەی گەندەڵی لەناوببەن."