حکومەتی ئێران هەوڵدەدات لە رێگەی باجەوە داهات زیاد بکات
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە، داهاتی ئێران لە هەناردەی نەوت کەمی کردووە. حکومەتی ئێران هەوڵدەدات، لە رێگەی زیادکردنی باجەوە، بەشێکی قەرەبوو بکاتەوە
هادی تەحان نەزیف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران دەڵێت: "ئەنجوومەن بڕیاری دا سەقفی باجی سەر کۆمپانیا و یەکە بارزگانییەکان 700 ملیار تمەن و تاکەکان 70 ملیار تمەن بێت، ئەمە پێچەوانەی بنەماکانی شەریعەت و دەستوور نییە. ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور هەروەها هیچ ناڕەزایەتییەکی نەبوو بەرامبەر بە باجی 1٪ی ئۆتۆمبێلە پیکاپەکانی دوو کابینە کە نرخیان سەرووی 5 ملیار تمەن بێت."
فەرمانگەی باجی ئێران دەڵێت، داهاتی حکومەت لە وەرگرتنی باج بەراورد بە ساڵی پێشتر 48٪ زیادی کردووە و لە 9 مانگدا زیاتر لە 812 تریلیۆن تمەن باج لە خەڵک و کۆمپانیاکان وەرگیراوە، کە دەکاتە نزیکەی 10 ملیار دۆلار
لەو ماوەیەدا 12٪ـی کۆی باج کە دەکاتە 93 تریلیۆن تمەن لە کارمەندان و فەرمانبەرانی کەرتی حکومی و تایبەت وەرگیراوە و 7٪ـی باجەکەش کە دەکاتە 56 تریلیۆن تمەن لە کەرتی بازرگانی و دووکانداران وەرگیراوە.
ئەوەش رەخنەی بەشێک لە پەرلەمانتارانی لێکەوتووەتەوە؛ هادی محەممەدپوور، پەرلەمانتار و ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی ئێران دەڵێت: "بەداخەوە حکومەت خۆی بە فەرمی راگەیاندووە کارمەندان و کرێکاران بەراورد بە پیشەکانی دیکە باجی زیاتر دەدەنە حکومەت. راستە کە باج یەکێک لە سەرچاوەکانی داهاتە بۆ حکومەت، بەڵام بە بۆچوونی ئێمە، گرنگە لە وەرگرتنی باجدا دادپەروەری رەچاو بکرێت."
حکومەتی ئێران وەڵامی رەخنەکان دەداتەوە و دەڵێت، بۆ یارمەتیدانی ئەو خێزانانەی کەمدەرامەتن، لێخۆشبوونی دارایی لە 12 ملیۆن تمەنەوە زیاد کراوە بۆ 24 ملیۆن تمەن.
عەبدولناسر هیمەتی، وەزیری ئابووری و دارایی ئێرانیش دەڵێت: "لێخۆشبوونی باج بۆ مووچەخۆرانی حکومەت و کارمەندانی کەرتی تایبەت لە بودجەی ساڵی 2025دا 100٪ پەسند کرا. پەسندکردنی لێخۆشبوونەکە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بژێوی خەڵک دەبێت."
دۆخی ئابووریی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەم چەند ساڵەی دواییدا خراپتر بووە و بە پێی ناوەندی توێژینەوەکانی پەرلەمانی ئێران، نزیکەی یەک لە سەر سێی خەڵکی ئەو وڵاتە لە خوار هێڵی هەژارییەوەن. لە لایەکی دیکەوە، کورتهێنانی بودجەی ئێران نزیکەی 950 تریلیۆن تمەنە و حکومەت بە دوای رێگەیەکە بۆ کەمکردنەوەی ئەو کورتهێنانە.