رووداو دیجیتاڵ
ئێران سزای لەسێدارەدان بۆ سێ کەسی دیکە دەردەکات کە وەکو خۆی دەڵێت، تاوانبارن بە کوشتنی سێ ئەندامی هێزی ئەمنیی وڵاتەکە لەکاتی خۆپێشانداندا.
رۆژی دووشەممە 9ی کانوونی دووەمی 2023، ماڵپەڕی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بڵاویکردەوە، بە تاوانی "موحارەبە" یانیش "شەڕکردن دژی خودا" سزای لەسێدارەدان بۆ هەریەکە لە ساڵح میرهاشمی، مەجید کازمی و سەعید یەعقووبی دەرکراوە.
هەر سێ کەس خەڵکی ئەسفەهانن و ماڵپەڕی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران دەڵێت، رۆژی 16ی تشرینی دووەمی 2022 هۆکاری دروستبوونی گرژی و گیانلەدەستدانی سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بوون.
دوایین سزای لەسێدارەدان، کە هێشتا دەرفەتی تانەلێدانی هەیە، کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی خۆپێشاندانەکانەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە دەگەیێنێتە 17 کەس.
چوار لەو کەسانە، سزاکەیان جێبەجێ کراوە و لەسێدارە دراون، کە سیانیان کورد بوون.
رۆژی شەممە 07-01-2023 ئێران هەریەکە لە محەممەد مەهدی کەرەمی، هاونیشتمانیی رۆژهەڵاتی کوردستان و سەید محەممەد حوسێنی، هاووڵاتیی ئێرانی بە تاوانی کوشتنی ئەندامێکی هێزی ئەمنی لە مانگی تشرینی دووەم لە کەرەج لەسێدارەدا.
جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر خۆپێشاندەراندا ناڕەزایی و سەرکۆنەکردنی نێودەوڵەتیی لێکەوتووەتەوە. لە دوایین هەڵوێستیشدا، دانیمارک و بەلجیکا رایانگەیاند، باڵیۆزی ئێران لە وڵاتەکانیان بانگهێشت دەکەن و هۆشداریی سەپاندنی سزای زیاتریش بەسەر ئێراندا دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ