رووداو - هەولێر
فەرماندەی نوێی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و جێگرەوەی قاسم سولەیمانی لە نامەیەکیدا بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران سوپاسی دەکات و دەڵێت، هێرشە مووشەکییەکەی ئێران دەبێتە تەواوکەری بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ دەرکردنی ئەمریکا.
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی نوێی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە نامەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ بنکەکانی سوپای ئەمریکا لە عێراق "ئیشەڵا دەبێتە تەواوکاری بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەرکردن و لەنێوچوونی ئەمریکا لە ناوچە".
قائانی جەخت لەسەر بەردەوامبوون لەسەر رێبازی قاسم سولەیمانی لە ناوچەکە دەکات و دەڵێت، "خوێنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودس "نەمامە ساواکانی گوڵستانی شۆڕشی ئیسلامی و دارە بە تەمەنەکانی بواری بەرگری ناوچەکەی ئاودێر کردووە".
هەر لە نامەکەیدا ئەو فەرماندەیە سوپاسی عەلی خامنەیی کردووە کە وەک فەرماندەی لقی قودسی سوپای پاسداران دەستنیشانی کردووە.
قائانی پێشتر جێگری قاسم سولەیمانی بوو و هەینی رابردوو 3ـی کانوونی دووەم دوای بەئامانجگرتن و کوشتنی سولەیمانی لەلایەن عەلی خامنەیی وەک فەرماندەی سوپای قودس دیاریکرا.
عەلی خامنەیی لە فەرمانی دەستبەکاربوونی ئیسمائیل قائانیدا جەختیکردەوە کە پلانەکانی سوپای قودس وەک سەردەمی قاسم سولەیمانی، دەبێت دەقاودەق جێبەجێبکرێ.
سوپای قودس لقی دەرەوەی سوپای پاسدارانە کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باکووری ئەفریقا و ئەفغانستان چالاکی دەکات و پەرەپێدانی هەژموون و دەستڕۆیشتوویی ئێران لەو ناوچانە لە ئەرکە سەرەکییەکانیەتی.
قاسم سولەیمانی بۆ ماوەی دوو دەیە فەرماندەی ئەو هێزە بوو تاوەکو لە 3-1-2020 لە بەغدا لەلایەن ئەمریکاوە لەگەڵ ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کوژرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ