وەزیری ناوخۆی ئێران: دەبێت کۆچبەرانی نایاسایی بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان

08-12-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند، هیچ دەرفەتێک بۆ مانەوەی کۆچبەرانی نایاسایی لە ئێران نییە و هەموو ئەو کۆچبەرانەی کە بەشێوەیەکی نایاسایی هاتوونەتە نێو سنوورەکانی ئەو وڵاتە، دەبێ بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکانیان.
 
رۆژی هەینی، 08-12-2023، ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەردانێکدا بۆ ناوەندێکی گەڕاندنەوەی کۆچبەران و هاووڵاتییە بیانییە نایاساییەکان لە شاری کەرەج رایگەیاند، "بەپێی پلانی حکومەت، کۆچبەرە بیانییە نایاساییەکان لەو کامپ و ناوەندانەدا کۆدەکرێنەوە کە بەمەبەستی گەڕاندنەوەیان کراونەتەوە و دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان ئەو کەسانە دەگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان."
 
ئەحمەد وەحیدی گوتی، "هیچ دەرفەتێک بۆ مانەوەی کۆچبەرانی نایاسایی لە ئێران و پێشکەشکردنی خزمەتگوازییەکان بەو کەسانە نییە و هەموو ئەو کۆچبەرانەی کە بەشێوەیەکی نایاسایی هاتوونەتە نێو سنوورەکانی ئەو وڵاتە، دەبێت بگەڕێندرێنەوە وڵاتی خۆیان."
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، تەنیا لەو ناوەندەی گەڕاندنەوەی کۆچبەرە نایاساییەکان لە کەرەج، تائێستا زیاتر لە 29 هەزار کۆچبەری نایاسایی کۆکراونەتەوە و شەش هەزار و 700 کۆچبەریش لە رێگەی ئەو ناوەندەوە بۆ زێدی خۆیان گەڕێندراونەتەوە.
 
ئەو لێدوانەی وەزیری ناوخۆی ئێران لە کاتێکدایە کە حەمزە سولەیمانی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری هاووڵاتییان و کۆچبەرانی بیانیی پارێزگای کرماشان رایگەیاندووە، "بە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، هەر جۆرە هاتووچۆکردن، نیشتەجێبوون یان کارکردنی هاووڵاتییانی ئەفغانی لە 16 پارێزگای ئێران و لە نێویشیاندا کرماشان قەدەخە کراوە."
 
بەپێی میدیای ئێرانیش، بڕیارەکەی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، پێنج پارێزگای ورمێ، سنە، کرماشان، ئیلام و لۆرستانی رۆژهەڵاتی کوردستان و 11 پارێزگای دیکەی ئێران لە خۆدەگرێت.
 
وەزیری ناوخۆی ئێران، رۆژی 27-09-2023 لە بارەی ژمارەی کۆچبەرانی نایاسایی لەو وڵاتەدا رایگەیاندبوو، بەپێی خەملاندنەکانیان نزیکەی پێنج ملیۆن کۆچبەر لە ئێران دەژین، بەڵام ژمارەی کۆچبەرانی یاسایی زۆر لەوە کەمترە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە