سەرۆکوەزیرانی سووریا سەردانی ئێران دەکات

08-12-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی سووریا ئێوارەی ئەمڕۆ بە سەردانێک دەگاتە تارانی پایتەختی ئێران و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆببێتەوە.
 
ئەمڕۆ هەینی، 08-12-2023، محەممەد جەمشیدی، جێگری کاروباری سیاسیی نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، حوسێن عەرنووس، سەرۆکوەزیرانی سووریا ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر بانگهێشتی محەممەد موخبر، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی دەگاتە تاران و بە فەرمی پێشوازی لێدەکرێت.
 
محەممەد جەمشیدی گوتی، حوسێن عەرنووس، سەرۆکوەزیرانی سووریا لە ماوەی سەردانەکەیدا، لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆمار، محەمەد قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، سکرتێری باڵای ئەنجوومەنی نەتەوەیی ئێران کۆدەبێتەوە.
 
بە گوتەی جەمشیدی، 15ـیەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هاوبەشی هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات، سەرەکیترین تەوەری کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیرانی سووریا لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی دەبێت، هەروەها پەرەپێدانی پەیوەندی و هاوکارییەکانی نێوان دوو وڵات لە بوارەکانی وزە، دابینکردنی کارەبا، گەشتیاری، کەرتی بانک و گومرگ و دامەزراندنی ناوچەی بازرگانیی هاوبەش لە کۆبوونەوەکاندا گفتۆگۆی لەسەر دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە