دیارنەمانی قائانی لەدوای بۆردوومانێکی ئیسرائیل بۆسەر بەیرووت هەرای میدیایی ناوەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لەوانەیە کەس بەخەیالیدا نەهاتبێت کە دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێزی زاحییەی بەیرووت، ئەگەری ئەوەی لێبکەوێتەوە کە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانیش پێوەبێت.
 
لە حەوتەمین کۆنگرەی هاوسۆزی منداڵان و مێردمنداڵانی فەلەستین کە لە دۆخە ئاساییەکاندا گەورە بەرپرس و فەرماندەی ئێران بەشداری دەکەن، ئەمجارە بەبێ قائانی بەڕێوەچوو.
 
مودێراتۆری کۆنگرەی هاودڵی لەگەڵ منداڵانی فەلەستین لە تاران گوتی، "لەگەڵ هەموو ئەو دەنگۆ و هەواڵانەی لەلایەن میدیای رۆژئاوا، بەتایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە تەلەگرامەوە دەگوترا، جەنەراڵی سەربەرزی ئیسلام و فەرماندەی فەیلەقی قودس، حاج ئیسماعیل قائانی سڵاو و رێزی بۆ یەک بە یەکی ئێوەی بەشداربووان هەیە و بەهۆی ئەوەی لەبەر کۆبوونەوەیەکی گرینگ نەیتوانیوە ئامادە بێت، داوای لێبووردنی کردووە."
 
بەپێی زانیارییەکان، هەفتەی رابردوو قائانی لە بەیرووت بووە بۆئەوەی یارمەتیی حیزبوڵڵا بدات، دوای ئەوەی کە ئیسرائیل بە هێرشە ئاسمانییەکانی گورزێکی گەورەی لە بزووتنەوە لوبنانییەکەی بەرەی مقاوەمە وەشاند.
 
دەگوترێت، ئەگەری ئەوە هەیە لە کاتی بەئامانجگرتنی هاشم سەفیەدینی شوێنگرەوەی حەسەن نەسروڵڵا لەلایەن ئیسرائیلەوە، قائانی بەر بۆردوومانەکە کەوتبێت.
 
ئیرەج مەسجیدی، یاریدەدەری هاوئاهەنگیکاری سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسداران دەڵێت، "زۆر کەس دەپرسن تەندروستیی جەنەراڵ قائانی چۆنە؟ تەندروستیی باشە و سەرقاڵی کار و چالاکییە. هەندێک کەس دەڵێن راگەیێندراو بڵاوبکەنەوە، بەڵام هیچ پێویست بە بڵاوکردنەوەی راگەیێندراو ناکات."
 
لە گوتاری نوێژی هەینیدا لە تاران کە عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران پێشنوێژیی کرد، لە کاتێکدا هەموو بەرپرسە سەربازی و سیاسییەکانی ئێران لەوێن، دیسانەوە قائانی تێدا ئامادە نەبوو.
 
لە رێوڕەسمی خەڵاتکردنی فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانیش کە بەهۆی مووشەکبارانی ئیسرائیل رێکخرابوو، قائانی بۆ جاری سێیەم نەبیندرا.
 
عەباس گوڵروو، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران گوتی، "لەم رۆژانەدا دەنگۆ زۆرن، نابێت بە هەند وەربگیرێن، لەبەر ئەوەی یەکێک لە ستراتیژەکانی دووژمن دروستکردنی بێ هیواییە لەنێو بەرەی مقاوەمە و رای گشتی. ئەم شەڕە دەروونییە لە میدیا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا زیاتر دەبیندرێت. قائانی سەلامەتە و هیوادارین سوپای پاسداران خۆی راگەیێندراوێک بڵاوبکاتەوە و نیگەرانییەکان بڕەوێنێتەوە."
 
دەنگۆ، گومان و لێکدانەوەی جیاجیا لەسەر چارەنووسی قائانی هەن؛ لە ئەگەری نەمانی فەرماندەی گرنگترین لقی سوپای پاسداران و شوێنگرەوەی قاسم سولەیمانی، بۆشاییەکی گەورە لە بەرەی موقاوەمەی لوبنان جێدەهێڵێت.