سەرۆکی پەرلەمانی ئێران: هەوڵی دروستکردنی نائارامی لە هیچ شوێنێک نادەین

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، توانای بەرگریی ئێران بە جۆرێکە کە رێگە بە "دەستدرێژی" بۆ سەر وڵاتەکەی نادات. ئاماژە بەوەش دەکات، هەوڵی دروستکردنی نائارامی لە هیچ شوێنێک نادەن.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 8ی تشرینی یەکەم محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران سەبارەت بە ئامادەیی دامودەزگا سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکی ئیسرائیل رایگەیاند، "توانای بەرگریمان بە جۆرێکە کە رێگە بە دەستدرێژی بۆ سەر وڵاتەکەمان نادەین. ئەرکی هەمووان لە کۆماری ئیسلامیدا هەوڵدانە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی بەردەوام."
 
قالیباف دەڵێت، "هەرگیز بەنیازی پاوانخوازی نین و هەوڵی دروستکردنی نائارامیش لە هیچ شوێنێک نادەین، بەڵام توانای بەرگریمان بە جۆرێکە کە رێگە بە دەستدرێژی بۆ سەر وڵاتەکەمان نادەین و ئەگەر کەسێکیش ئەو بوێرییەی هەبێت، ئەوا وەڵامی ئێمەی لە ئۆپەراسیۆنی سادق 1 و 2 دا بینی."
 
ئۆپەراسیۆنی سادق 1 زاراوەیەکە ئێران بۆ هێرشە مووشەکییەکەی مانگی نیسان بۆسەر ئیسرائیل بەکاری دەهێنێت. ئۆپەراسیۆنی سادق 2ش بۆ هێرشەکەی 1ی ئەم مانگە بۆسەر ئیسرائیل بەکاردێنێت. 
 
لێدوانەکە لە کاتێکدایە، بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل دەڵێن، هەر وڵات و هێزێک هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەیان ئەوانیش وەڵامیان دەبێت.