هەر ئێرانییەک بە رێگەی ئاسمانی گەشت بکات 10 یۆرۆ باجی لێوەردەگیرێت

08-09-2024
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری ئەنجوومەنی کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانی ئێران رایگەیاند، هەر هاووڵاتییەکی ئێرانی لە رێگەی ئاسمانییەوە گەشت بکات، 10 یۆرۆ باجی لێوەردەگیرێت.
 
مەقسود ئەسعەدی سامانی، سکرتێری ئەنجوومەنی کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانی ئێران رایگەیاند، بەپێی یاسا هەر هاووڵاتییەکی ئێرانی بۆ دەرەوەی وڵات گەشت بکات و تەمەنی سەرووی دوو ساڵ بێت، 10 یۆرۆی لێوەردەگیرێت و دەخرێتە خەزێنەی حکومەتەوە.
 
ئەو کەسانەی سەردانی شارەکانی بەغدا، نەجەف، مەدینە، جەدە و دیمەشق دەکەن لە وڵاتانی عێراق، عەرەبستان و سووریا لەو باجە دەبەخشرێن.
 
ئەو پارەیە هەفتانە و بەپێی نرخی رۆژانەی دیاریکراو لەلایەن ناوەندی ئاڵوگۆڕی دراو لە گەشتیاران وەردەگیرێت؛ بۆ نموونە ئەمڕۆ یەکشەممە نرخی یەک یۆرۆ لەلایەن ئەو ناوەندەوە بە نزیکە 54 هەزار و 727 تمەن دیاریکراوە و 10 یۆرۆ دەکاتە زیاتر لە 547 هەزار تمەن.
 
جەعفەر یازرلو، گوتەبێژی رێکخراوی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران رایگەیاند، ئامانج لە وەرگرتنی ئەو پارەیە، باشکردنی ژێرخانی فڕۆکەخانەکان و خزمەتگوزاریی گەشتیارییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە