بەهۆی دۆخی خراپی ئابووری رێژەی وازهێنان لە خوێندن لە ئێران زیادیکردووە

08-09-2022
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
روودا دیجیتاڵ

کەمتر لە دوو هەفتەی ماوە بۆ کردنەوەی قوتابخانەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام ئەمساڵ کەشوهەوای خوێندن لەگەڵ ساڵانی رابردوودا جیاوازیی زۆرە. ئەوەش بەهۆی گرانبوونی کەلوپەلی خوێندن بە رێژەیەکی بەرچاو، کە بووەتە هۆی نەمانی گەرموگوڕی لەنێو قوتابیاندا.
 
فرۆشیارێکی کەلوپەلی خوێندن دەڵێت، "تەنانەت یەک کڕیاریش نایەتە دووکانەکەمان، هەموو کەلوپەلێکی خوێندنیش بووەتە قەرز و دەڵێن کە پارەمان هاتە دەست دەیدەین. قوتابییەکانمان وازیان لە خوێندن هێناوە، تەنانەت کتێبەکانی فێرکاریشیان لە ئێمە وەرگرتووەتەوە و خۆیان بە نرخێکی گرانتر دەیفرۆشن."
 
لە ئێران 15 ملیۆن و 375 هەزار قوتابی هەیە، لەو ژمارە یەک ملیۆن و 854 هەزار قوتابی لە رۆژهەڵاتی کوردستانن. وەزارەتی پەروەردەی ئێران دەڵێت، ساڵی رابردوو 760 هەزار قوتابی وازیان لە خوێندن هێناوە و 210 هەزار قوتابیی پۆلی یەکی سەرەتاییش ناویان بۆ خوێندن تۆمارنەکردووە. تەنیا لە پارێزگای ورمێ، لە دوو ساڵی رابردوودا 20 هەزار قوتابی وازیان لە خوێندن هێناوە.
 
وەزیری پەروەردەی ئێران هۆکاری زیادبوونی رێژەی وازهێنان لە خوێندن لەو وڵاتە دەگەڕێنێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و دابینکردنی سیستمی خوێندنی ئۆنلاین، کە چوار ملیۆن قوتابی بەهۆی دەستنەگەیشتنی خێزانەکانیان بەو سیستمە بێبەش بوون و کاریگەریی لەسەر وازهێنان لە خوێندنیش هەبووە.
 
یوسف نووری، وەزیری پەروەردەی ئێران دەڵێت، "نزیکەی چوار ملیۆن قوتابیمان لە خوێندنی ئۆنلاین بێبەش بوون، کە دەکاتە زیاتر لە 30%ی قوتابییەکانمان. 1.5 ترلیۆن تمەن پارەمان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە تەرخان کرد، لە ماوەی مانگ و نیوێکدا 164 هەزار قوتابی کە وازیان لە خوێندن هێنابوو، گەڕانەوە پۆلەکانیان و دەمانەوێت ئەمساڵ ئەو ژمارەیە زیاتریش بکەین."
 
ئەو گوتانە لە کاتێکدان کە لە بەهاری ئەمساڵەوە، حکومەتی ئێران پێدانی دۆلار بە نرخی حکومی بۆ هاوردەکردنی کاڵای هەڵگرت و ئەو بڕیارەش بووە هۆی کاریگەری لەسەر نرخی هەموو پێداویستییەک، لەوانەش، نرخی کەلوپەلی خوێندنی قوتابیان کە لە 30% بۆ 60% زیادیکردووە و زۆربەی خێزانەکان دەرەقەتی کڕینی نایەن.
 
فرۆشیارێکی کەلوپەلی خوێندن ئاماژە بەوە دەکات، "هەموو هیوامان بە بەڵێنەکانی ئەم کابینەیەی حکومەت بوو، گوتمان دەست بە کار دەکات و دۆخی ئابووریی خەڵک باش دەبێت. کەچی یەکەم هەنگاوی هەڵگرتنی دراو بە نرخی حکومی بوو بۆ هاوردەکاران و ئەوەش یەکسەرە نرخی هەموو شتێکی چەند هێندە کردووە. ئێستا نە من کە فرۆشیارێکم، کەلوپەلم پێ دەکڕدرێت، نە خەڵکیش کە چەند رۆژی دیکە منداڵەکانیان دەچنەوە قوتابخانەکان، دەستیان دەڕوات شتێک بکڕن بۆ منداڵەکانیان."
 
لە ماددەی 30ی دەستووری ئێراندا هاتووە، حکومەت دەبێت هەموو کەلوپەلێکی خوێندن بۆ قوتابیان تاوەکو کۆتایی قۆناخی ناوەندی، بە خۆڕایی ئامادە بکات، بەڵام ئەو یاسایە چەند ساڵێکە لەبیرکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە